20 سەنتەرو رێکخراوی ناحکومی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتیقالی دەکەن
📝 Bewijsstukken
پێشتر زۆر وترا کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەو دەرفەتدایە، بەداخەوە لەسایەی سیاسەتی هەڵەی سەرکردایەتی سیاسیی باڵادەستی هەرێمدا دەرفەتەکە لەدەستدرا، پانتاییەکی جوگرافی بەرفراوان و نزیکەی 50%ی خاکی کوردستان لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبیەوە داگیرکرایەوە، قەیرانی ئابوری قوڵتر بوویەوەو ناردنەدەرەوەی نەوت راگیراو داهاتە ناوخۆییەکانیش کەمتر بوونەوە بەوەی دەروازە گومرگیەکان لەلایەن دەسەلاتی ناوەندەوە لەبەردەم هەڕەشەی کۆنترۆڵ کردندان، ئاشتەوایی ناوخۆ و یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەکان زیاتر لێکترازان، پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ناوەند و دەوڵەتە دراوسێکان دژوارتر بوو و دۆستەکانی کورد ساردبوونەوە لە پشتگیریکردنی هەرێم و تەنانەت هەندێکیان پشتیان تێکرد، بۆیە ئێستا هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ئێجگار سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، ئەمانە هەمووی لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی کوردستان لە ئێستادا تەنها دوو هەفتەی تەمەنی ماوە، بۆ دەرباز بوون لەم بارە قەیراناویەو دۆزینەوەی رێگەچارە، پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت، بەتایبەتی ئەمە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە، خۆ ئەگەر لە رابردوودا رێگری لەم دەزگایە کرا ئەرکەکانی ئەنجامبدات، بەلام لەم کۆتاییەدا کە کۆبوونەوەکانی دەستپێکردۆتەوە دەبێ بەهەق پەرلەمانی خەڵکی کوردستان بێت و لەئاست ئەو لێپرسراویەتیە مێژووییەدا بێت، نەک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە (بەپێی زانیاری بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی 24/10/2017 دا پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت یان دە مانگ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە) بۆ خزمەتی ئەم دەسەلات و حزبە سیاسیانەی لەسایەیاندا دۆزی کوردیان بۆ چارەکە سەدەیەک بۆ دواوە گێڕایەوە. بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت:
1-لە کۆبوونەوەی رۆژی 24/10/2017 پەرلەمانی کوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی بدات، نەک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، چونکە لەکاتی بوونی پەرلەماندا حکومەتی ئینتیقالی پێکنایەت.
2-دوابەدوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان حکومەتێکی ئینتیقالی پێکبهێنرێت کە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی هەرێم تیایدا بەشدار بن.
3-دووای رووداوەکانی ئەمدواییە بەتەواوی دەرکەوت کە ئەم دەسەلاتە لەدانوستاندندا سەرکەوتوو نابێت، بۆیە حکومەتی ئینتیقالی دوو ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەرشان:
ا-بنیاتنانەوەی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی ولات و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و هێنانەکایەی پەرلەمانێکی تازەی هەڵبژێردراو و دروستکردنی حکومەتێکی نوێ.
ب-ئەم حکومەتە ئینتیقالیە بەبەرنامەیەکی نوێوە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە لەگەڵ بەغدا و ولاتانی دەوروبەر.
چونکە لە ئێستا دامەزراوەی سەرۆکایەتی لەڕووی یاساییەوە نیەو پێویست ناکات باس لە دەستلەکارکێشانەوەی بکرێ. جگە لەمە پەرلەمانیش دوای دوو هەفتەی تر کۆتایی دێت، هەر بۆیە ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە هەموو دامودەزگاکانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت شەرعیەتیان نامێنێ و لەرووی یاساییەوە کۆتاییان پێ دێت، لە وجودی پەرلەمانیشدا کابینەی حکومەت دەگۆڕێت نەک پێکهێنانی حکومەتی ئینتیقالی، بەمەش تەنها روخسارەکان دەگۆڕێن. بۆیە پێویستە دیراسەی ئەوە بکرێت ئایا پێش هەڵبژاردنەکانی عیراق یا دووای ئەوە هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام بدرێت. کە پێشتر کۆمسیۆنی بالای هەلبژاردن و راپرسی لە راگەیەنراوێکیاندا لە 18/10/2017 رێکارەکانی هەلبژاردنیان هەڵَپەسارد، هەروەها بەپێی قسەی کۆمسیۆن کە لە پەرلەمان وتویانەو پێشتریش و لای رێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی رایگەیاندبوو کە لەماوەی (3 بۆ 6) مانگ دەتوانن هەلبژاردن ئەنجام بدەن، کە ستاندارتی نێودەولەتی 6 مانگەو هیوادارین گوێ لەو پێشنیارەی کۆمسیۆن بگیرێت و کاری پێ بکرێت.
ئێمە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێمانوایە لە زووترین دەرفەتدا (بەلەبەرچاوگرتنی پێوەرەکان) ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرفەت دەڕەخسێنێ کە سەرکردایەتیەکی نوێ هەڵبژێرین بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن، چونکە بەغدا لە 13/5/2018 هەڵبژاردن دەکات، تا هەرێمی کوردستان بەو سەرکردایەتیە نوێیەو بە یەکڕیزییەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و بەدەسکەوتەوە لێی دەربچێت. بۆ دڵنیاییش پێویستە بە بەشداری کۆمەلگەی نێو دەوڵەتی و چاودێریان قۆناغی ئینتیقالی تیپەڕێنرێت تا ئەمانیش هاوکاری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بن، هەروەها مەترسی ئەوەش بڕەوێنرێتەوە کە ماوەی ئینتقالی درێژ نەبێت، چونکە لەوانەیە بیانەوێت درێژە بەو بارودۆخە بدەن...
بەداخەوە هەندێک لە پارتە سیاسیەکان چەواشەکارانە باس لە حکومەتی ئینتیقالی و رزگاری نیشتمانی دەکەن، هەندێکیان قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناکەن و بەشێکیشیان هەنگاو بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەنێن کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی هەنگاونانە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئینتیقالی و رزگاریی نیشتمانی. چونکە ئەم جۆرە حکومەتە کاتێک دروست دەبێت کە پەرلەمان هەڵوەشابێتەوە، ئەمەش بە دەستلەکارکێشانەوەی (56) پەرلەمانتار دەبێت، بەلام وەرگرتنەوەی متمانە لە کابینەی حکومەت (76) دەنگی پێویستە، ئایا کامەیان قورسترە!؟ ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەوادەی خۆیدا بکرێت و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەو ماوە زۆرە کاریگەریی خراپی دەبێت بۆسەر پرۆسەی دیموکراسیی هەرێم و ئەزمونەکەمان زیاتر لەکەدار دەبێت.
لەگەل رێزدا
23/10/2017
1-پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی (ILDK)
2-ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپیێدان (PAY)
3- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان (NIIR)
4-رێکخراوی دیمەن بۆ پرسە کۆمەڵایەتیەکان
5-ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گەشەپێدان (BID)
6-رێکخراوی گەشەپێدانی ئابوری کوردستان (KEDO)
7-رێکخراوی هەڵوێست
8-رێکخراوی پایتەختی ئاشتی
9- ڕێکخراوی کوردۆ زانست بۆ دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ
10-رێکخروای گەشەپێدانی خوێندکاران و گەنجان (SYEO)
12-رێکخروای ئاران بۆ پەرەپیێدانی کلتوری مەدەنی
13-تۆڕی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە دەڤەری ڕاپەڕین
14-رێکخراوی جیوگرافیای گشتی کوردستان
15-ڕێکخراوی ئەزموون AOCD
16-ماڵی سەرکەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان
17-رێکخراوی پێکەوەژیان
18-تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەرکردە
19-رێکخراوی ستۆپ
20-رێکخراوی چاوی زانکۆ
24-10-2017
⚠️ Dit item werd in het (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!