نووسینی: کامیل عومەر
لەپێشەکی ئەم کتێبەدا کە سکرتێری لقی سلێمانی نووسیویەتی هاتووە:
رۆژنامەنووس و زانیاری دەستکەوتن و بەدەستهێنانی زانیاری ڕاست و دروست بۆ ئێمەی ڕۆژنامەنووس، لەهەرە پێویستیەکانی پیشەکەمانە، بەڵام گەورەترین ئاستەنگ ئەوەیە، ئەم زانیاریانە وەک پێویست بە ڕێکاریی یاسایی ناگاتە دەست کەناڵ و تاکی میدیاکار.
ئەم کێشەیەش لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوونی هەیە، بۆیە ڕۆژنامەنووس ناچار دەبێت ڕێکاری تر بدۆزێتەوە تا بتوانێت زانیاری دروستی دەست بکەوێت و پاشان لە ڕێگەی کەناڵەکەیەوە بیگەیەنێتە دەستی وەرگر.
کەم وڵات هەن بەتایبەت لەم ڕۆژهەڵاتی ناوینەدا کە یاساو ڕێسایان بۆ دەستکەوتنی زانیاری داڕشتبێت، خۆشبەختانە یەک لەوانە ئێمەین لە هەرێمی کوردستاندا کە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013مان هەیە بە ناوی (یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان - عیراق) بەڵام بە داخەوە تائێستا وەک پێویست ئەم یاسایە کاری پێنەکراوە..
بۆچی؟
وەڵامی ئەم بۆچی یە سەدان پرسیار دەوروژێنێت..
زۆری لەسەر وتراوە، زیاتری لەسەر نووسراوە، بەڵام هەر کاری پێنەکراوە، کار نەکردنیش بەم یاسایە دەیان کێشەی بۆ میدیاکاران و کەناڵەکانیان خوڵقاندوە.
ئەم کتێبەی بەردەستان هەوڵێکی باشە، ماندووبوونی نووسەرەکەی تەواو پێوە دیارە، تا خوێنەر لە گرنگی و ئاستەنگی بەدەستهێنانی زانیاری شارەزابێت، کێشەو گرفت، ڕاست و دروستی زانیاری، ئەرک و بەکارهێنان و بڵاوکردنەوە، چی دەشێت و کامیان ناشێت بۆ بڵاوکردنەوە، ڕێکاری یاسایی و ڕۆڵی ئیتیک لە پەخشکردنی ئەو بابەتانەی وەدەست دێن.