بانگەوازێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ جیهان
📝 بەڵگەنامەکان
دوای ئەوەی بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی
10-10-201710-10-2017 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازیی سوپا و حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە و کوردستان راگەیاند، چەند رۆژێکە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام هێزی زیاتری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوربەری شاری موسڵەوە تا دەوروبەری
کەرکووککەرکووک و خانەقین کۆدەکرێنەوە.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، هەموو لایەنە عێراقییەکان و هەموو رێکخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمەریکا، یەکێتیی ئەوروپا، دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە رۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بکەن بۆ دوورگرتنی ناوچەکە لە شەڕێکی تازە و داوا دەکەین هێزە عێراقییەکان و هیچ هێزێکی دەرەکی هەوڵی دروستکردنی ئەو شەڕە نەدەن، چونکە لێکەوتەی راستەوخۆی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەموو ناوچەکە و زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا خۆشدەکاتەوە.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنێکی راستەقینەی هەموو کێشەکان، ئامادەییی خۆمان بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە نیشان دەدەین و بەرپرسیارێتیی هەر شەڕێک و لێکەوتە خراپەکانیشی دەخەینە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێز حەیدەر عەبادی.
داوا لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیانەکان دەکەین بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی هەر شەڕخوازییەک و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پێشمەرگە بکەن بۆ پاراستنی هەموو شارەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی شارەکانمان هاوشێوەی موسڵ و ئەنبار و شارەکانی دیکەی عێراق تووشی کۆمەڵکوژی و وێرانبوون نەبن، هەروەها داوا لە هەموو حیزب و لایەنەکانی کوردستان دەکەین یەکهەڵوێست بن بۆ پاراستنی ئاشتی و بەرگریکردن لە کوردستان.
شارەکانی هەرێمی کوردستان پەناگەیەک بوونە بۆ لەخۆگرتنی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی شەڕی داعش و شەڕی تایفی لە عێراقدا، زۆر سەیرە حکومەتی عێراق دەیەوێت بە هێرشی سەربازی، ئارامیی ئەو ناوچانەش تێکبدات.
ساڵی 2014، دوای ئەوەی سوپای عێراق لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری رایکرد و چەکێکی زۆری بۆ داعش جێهێشت، هێزی پێشمەرگە فریای خەڵکی ئەو ناوچانە کەوت و ئەوانی لە دەست داعش پاراست، لەو کاتەوە ئەو ناوچانە لە دۆخێکی ئارامی ئەوتۆدا دەژین کە هیچ کاتێک سەقامگیرییەکی بەو شێوەیان بەخۆیانەوە نەبینیوە، ئەمەش بەهۆی فیداکاریی پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان و هاوکاریی خەڵک لەگەڵیان.
چەندین جاریش رامانگەیاندووە نابێ هیچ چارەسەرێک دوور لە ویستی دانیشتووان بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێندرێت و دەبێ ئیدارەیەکی خاوەن تایبەتمەندی کە ویستی هەموو پێکهاتەکانی رەچاو بکات بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاریکردنێکە.
ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێ هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک داواکاریی ئێمە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن، بە هەڕەشە و کۆکردنەوەی هێز و سوپا و هەنگاونانی عەمەلی بۆ شەڕ، وەڵام بدرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانینێچیرڤان بارزانی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
13-10-2017