یاداشتی پێشێلکاریی هەنگاوەکانی هەڵبژاردن ئاڕاستەی پەرلەمان و کۆمسیۆن دەکرێت
📝 Bewijsstukken
بەڕێزان- سەرۆکایەتی
پەرلەمانی کوردستانپەرلەمانی کوردستان
فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی
بابەت- پێشێلکاریی هەنگاوەکانی هەڵبژاردن
لەرووی یاساییەوە رۆژی (6-11-2017) تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، بۆیە پێویستبوو بەپێی یاسا بەلایەنی کەم بەر لە (60) رۆژ، واتە دوو مانگ بەر لەتەواوبوونی وادەی پەرلەمان، ئەوەبوو هەریەک لە بەرێزان (مەسعود بارزانی) بەناوی سەرۆکایەتی هەرێم لە رۆژی (8-6-2017) و (د.یوسف محمد) بە ناوی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە (29-5-2017) لە دوو نوسراوی جیادا داوایان لە کۆمسیۆن کرد رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشانبکرێت، بەڵام بەهۆی دەسنیشان نەکردنی وادەی هەڵبژادن لەلایەن کۆمسیۆنەوە، هەر بەرێز بارزانی لە (19-7-2017)بە نوسراوێک بۆ کۆمسیۆن رۆژی (1-11-2017)ی دەستنیشانکرد و کۆمسیۆنیش لە رۆژی (14-8-2017) وەڵامیدایەوەو کە لەکاتی دیاریکراودا ئامادەن هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدەن. بەپێی یاسا دەبوایە تائێستا هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان تەواو بوونایە و ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێبکردایە، بەڵام ئامادەکارییەکان لە وادەی یاسایی خۆیاندا نین. (جا هۆکارەکەی لەبەر سەرقاڵی کۆمسیۆنەوە بێت بە پرۆسەی راپرسیەوە یا هەر هۆکارێکی تر).
ئەوەی تێبینی دەکرێت ئێوارەی رۆژی (4-10-2017) لە ماڵپەڕی کۆمسیۆن راگەیاندنێک بەمێژووی (2-10-2017) بڵاوکراوەتەوەو تیایدا هاتووە:
1-ماوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان لایەنە سیاسیەکان لە رێکەوتی (3-10-2017 تا 6-10-2017) دەبێت.
2-ماوەی پێشکەشکردنی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان لەڕێکەوتی (9-10-2017 تا 13-10-2017) دەبێت.
3-هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان لە (15-10-2017 تا 29-10-2017) دەبێت.
لەهەمان نوسراودا هاتووە کە: بەلەبەرچاوگرتنی کەمیی کات و ئەو وادانەی کە دیاریکراون جێگیرن و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت. جێگەی سەرنجە لەم بڕیارەدا یاسا شکێنی کراوەو پێوەرەکان لەبەرچاو نەگیراون، لێرەدا بەچەند خاڵێک دەیخەینەڕوو:
یەکەم: سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:
1-پێشتر کۆمسیۆن پەیڕەوی ژمارە (1)ی ساڵی 2017 ی دەرکردووە بەناوی (پەیرەوی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و خستنەڕووی تانەکان بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان-عێراق) کە ئەمەش بەلای کەمەوە دوو مانگی پێویستە، لە خاڵی (1)ی بەشی چوارەمی هەمان پەیرەوەدا هاتووە کە دوای ئەوەی تۆماری دەنگدەران نوێ دەکرێتەوە و دەخرێتە روو بەمەرجێک بەلایەنی کەمەوە(15) رۆژ بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بێت، بەپێی ئەمە دەبێت تا (14-10-2017) پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەواو بێت، ئەمە لەکاتێکدا کە تەنها (6) رۆژی ماوەو کۆمسیۆنیش هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووەو تا ئێستا نە رایگەیاندووەو نە هیچ بنکەیەکی بۆ ئەم مەبەستە کردووەتەوە. بەپێی ئەمە لەوە دەچێت کۆمسیۆن خۆی لەو پەیرەوە بواردبێت کە هیچ کاتێکی بۆ دانەناوە، دیارە ئەمەش نایاساییە.
2-ماوەی پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی کە (3 تا 6-10-2017)ی بۆ تەرخانکراوە، ئەم کاتە کەمەو جگە لەوەی خودی کۆمسیۆن راگەیاندنەکەی رۆژێک درەنگتر بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش کارێکی نایاساییە.
3-ماوەی پێشکەشکردنی کاندید (9 تا 13-10-2017) ی بۆ تەرخانکراوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە لە بڕگەی (2)ی مادەی (22)ی یاسای ژمارە (1)ی سالی 1992 ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە: لیستی پاڵێوراوەکان لەماوەی (15) رۆژ لەبەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە کۆمسیۆن دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێنرێ کە لەمادەی بیست و یەکەمدا داواکراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە وادەی هەڵبژاردن لە (14-8-2017) لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیەنراوە، کە نەک (15) رۆژ بەلکو (56) رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە. جگە لەمە تەنها ماوەی (5) رۆژ بۆ ئامادەکردن و پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان دانراوە، ئەمەش کاتێکی کەمە و لەگەل هیچ ستانداردێکدا وێکنایەتەوە. جگە لەمە لە ماوەی تەنها یەک رۆژدا کۆمسیۆن کە تەنها رۆژی (14-10-2017)ی لەبەردەمە چۆن دەتوانێت لیستی نزیکەی (30) قەوارە سیاسی کە زۆرینەیان هەریەکەیان (100) کاندیدیان هەیەو لیستی کۆتاش کە هەریەکەی (5) کاندید لەخۆدەگرێت پێداچوونەوەو راستاندنیان بۆ بکات؟ چونکە رۆژی (15-10-2017) بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات!
4-ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن (15 تا 29-10-2017) ی بۆ تەرخانکراوە، کە (14) رۆژ دەخایەنێت و ئەو ماوەیەش لەگەڵ پێوەرەکان وێک نایەتەوە.
5-لە رۆژی (15-10-2017) بە حیسابی کۆمسیۆن راستاندنی لیستی کاندیدەکان تەواو دەبێت، تا کاتی هەڵبژاردن تەنها (15) رۆژ لەبەردەمدایە، کە ئەم کاتەش کەمە بۆ ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردن و دابەشکردنی فۆرمەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی هەلبژاردن و چاپکردنی کارتی دەنگدان (کە پێویستە کوالیتی بەرز بێت) و دابەشکردنیان بەسەر بنکەکاندا.
دووەم: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم:
1-بەپێی راگەیاندنی ژمارە (18)ی کۆمسیۆن کە لە 17-9-2017 دەرچووە، ماوەی تۆمارکردنی کاندید بۆ سەرۆکایەتی هەرێم تا (3-10-2017) درێژ کراوەتەوە، کە ئەمەش نایاساییە، چونکە لە بڕگەی یەکەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە (1)ی سالی 2005 ی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە: داوای خۆپاڵاوتن، لانی کەم، پێش (30) رۆژ لەوادەی هەڵبژاردندا پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کرابێت. بەڵام ئەم وادەیە کەمترە و (27) رۆژ دەکات نەک (30) رۆژ و نایاساییە.
2-تا کۆتایی هاتنی ئەم وادەیەش (3-10-2017) کاندیدێک خۆی تۆمار کردووە.
3-لە راگەیاندنی ژمارە (22) کە بە مێژووی (2-10-2017) بڵاو کراوەتەوە باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و بانگەشەی هەڵبژاردن و رێکارەکانی نەکراوە. لەکاتێکدا هەردوو پرۆسە دەبێت هاوتەریب بەڕێوە بچن.
4-ئەگەر لەحاڵەتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت و سەرۆکایەتی هەرێم نەکرێت، پەرلەمانی نوێ ناتوانێت دەست بەکار بێت، چونکە بەپێی بڕگەی (3) لە مادەی (10)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت سەرۆکی هەرێم بانگهێشتیان بکات بۆ یەکەم کۆبوونەوەو لەبەردەمی سەرۆکی هەرێمدا سوێندی یاسایی بخۆن.
5-پەرلەمانی نوێ ئەگەر هەڵبژێردرێت ناتوانێت یاساو بڕیار دەربکات، چونکە بەپێی بڕگەی (1) لە مادەی (10)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە مەرسوم هەیە و کەسیش نابێت مەرسوم دەربکات.
6-پەرلەمانی نوێ ئەگەر هەڵبژێردرێت ناتوانێت حکومەتی تازە پێکبهێنێت، چونکە بەپێی بڕگەی (12) و (13) لە مادەی (10)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەرۆک هەبێ مەرسوم دەربکات.
ئەنجام:
پێویستە ئەم ڕاستیە بخەینە ڕوو کە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت و متمانە بۆ هاولاتیان بگەڕێتەوەو حزبەسیاسیەکانیش دان بە ئەنجامەکانیدا بنێن، زوو بە زوو ئەم هەنگاوانە بنرێن:
1-ستانداردە نێودەوڵەتیەکان لە هەڵبژاردندا لەبەرچاو بگیرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە ببرێت.
2-کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەپەیڕەو و رێکارەکانیدا یاسا بەرکارەکان لەبەرچاو بگرێت و لێیان لانەدات.
3-کار بەیەک تۆماری دەنگدەرانی یەکگرتووی پاکژ بکرێت، کە لە ناوی دووبارەو مردوو ساختە پاک بکرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان (ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و بازرگانی و پێشمەرگە و پلاندانان) مولزەم بکرێن بەوەی هاوکاری بکەن لە ئامادەکردن و پاک کردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا.
4-پێداویستیە مادی و مەعنەوییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دابین بکرێت، و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت.
5-زەمینەسازی بۆ متمانەی نێوان هێز و لایەنەکان لە پرۆسەی هەلبژاردندا دروستبکرێت لە پێناو سەرخستن و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی.
ئەگەر کۆمسیۆن ئەم کارانە نەکات، پێویستە لەلایەن پەرلەمانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر رێگریش لەکارەکانی کراوە پێویستە کۆمسیۆن بیخاتە روو و لایەنی کەمتەرخەم ئاشکرا بکات، هەر بۆیە داواکارین لەپێناو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا هەموو هەولێک بخرێتە گەڕ بۆ دەرچونی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە چەقبەستووەدا.
لەحالەتی نەبوونی وەلامدا وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ناچارین هەموو رێگەو فشارێکی مەدەنی بگرینەبەر و رای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەشی لێ ئاگادار بکەینەوە.
لەگەل رێزدا
1--پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی (ILDK)
2-ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپیێدان (PAY)
3-سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
4-رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان (WOLA)
5- رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان (KEODD)
6- ریکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەلی
7- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان
8- ڕێکخراوی کوردۆ زانست بۆ دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ
9-رێکخراوی چاوی زانکۆ
10- ریکخراوی لیزا بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
11-ریکخراوی ریکان بۆ ئامادە کردنی سە رکردە
12- رێکخراوی گەیاندن بۆ چالیەکیە دیموکرسیەکان و مافی مرۆڤ
13- ریکخراوی رونیا بۆ هوشیاری
14-تۆڕی لیدەر
15-پەیمانگەی کوردی بۆ دیالۆگ
16-رێکخراوی جوگرافیای گشتی کوردستان
17-ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گەشەپێدان
18-رێکخراوی هەڵوێست
09-10-2017