مامۆستای زومبا و پیلۆکسینگ، بە نیازە وەکوو یەکەم ئافرەتی کورد بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی لەشجوانی لە سوید بکات.
خەڵکی #دهۆک#ە و ڕەگەزنامەی سویدیی هەیە،
لە #ئێران# لەدایکبووە و لە تەمەنی 8 ساڵاندا لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاونەتەوە #باشووری کوردستان#. بەڵام لە بیستەکانی تەمەنیدا بڕیار دەدات بچێتە سوید و بۆ ماوەی 10 ساڵ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە.
زیان، تەمەن 35 ساڵان، لەساڵی 2012 بڕوانامەی ڕاهێنانی زومبای وەرگرت، ساڵێک دواتر گەڕایەوە کوردستان و بڕیاری دا ئەو وەرزشە دانسییە فێری ئافرەتانی هەرێمی کوردستان بکات. بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو. وەکوو خۆی دەڵێت کاتێک گەڕامەوە کوردستان، کەس نەیدەزانی زومبا چییە، دەیانگوت ئەمە وەکوو دیسکۆیە و ئافرەتی کورد ناتوانێت بەشداری تێدا بکات، چونکە کولتووری ئێمە ئەمە قەبووڵ ناکات.
زیان ستۆدیۆیەکی بچووکی بە ناوی (Esporta Fitness Center) لە هەولێر کردەوە. سەرەتا تەنیا چەند قوتابییەکی هەبوو. ئەو ئێستا بڕوانامەی پیلۆکسینگیشی هەیە کە ئەویش تێکەڵەیەکە لە وەرزش و دانس، لەگەڵ تێپەڕینی کاتیشدا ژمارەی قوتابییەکانی بەرز بوونەوە. ئێستا 35 قوتابی هەیە، بۆیەش هەندێکجار ناچارە نۆرە بۆ قوتابییەکانی دابنێ.
زیان یوسف دەڵێت زۆر لە ئافرەتانی کوردستان ئارایش، برژانگی ساختە و دەرمانی گەورەکردنی ماسولکە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی جوان دیار بن، بەڵام ئەو هانیان دەدات ڕێگەیەکی دیکە تاقی بکەنەوە.
هەوڵەکانی زیان لە کوردستان بێ کێشەش نەبووە، خەڵکانێکی زۆر بەهۆی چالاکییەکانیەوە ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵام دەڵێت من دەمەوێ ئافرەتانی کوردستان بزانن کە نابێ شەرم لەوە بکەن لەشی خۆیان نمایش بکەن، چونکە بەمە هیچ کارێکی هەڵەیان نەکردووە.
ئەو وێنەکانی ڕاهێنان و فیتنێسی خۆی لەسەر لاپەڕەی تایبەتی فەیسبووک و ئینستاگرامی خۆی نمایش دەکات و دەڵێت هیچ فۆتۆیەکم لەسەر ئینستاگرامەکەم دانەناوە کە جەستەمی تێدا نمایش کرابێت، بەڵکو هەموو فۆتۆکان بە جلی وەرزشین. بەڵام خەڵکانێکی زۆر دێن و کۆمێنتم بۆ دەنووسن و دەڵێن هیچ جلی لەبەر نییە و لەشولاری خۆی نمایش دەکات. سەرەڕای ئەو ڕەخنانەش، زیان سوورە لەسەر درێژەدان بە چالاکییەکانی خۆی، چونکە دەیەوێت خەونەکانی خۆی بهێنێتەدی.
گوشارەکان تەنیا لەلایەن خەڵکی دەرەوە نەبووە، بەڵکو خێزان و کەسوکاری خۆیشی سەرەتا دژی کارەکەی بوون. بەڵام دەڵێت بۆم ڕوونکردنەوە کە من هیچ کارێکی هەڵە ناکەم و ئەمە تەنیا بۆ تەندروستیی خۆمە.
ئێستاش خێزانەکەی بۆ پاڵەوانێتیی لەشجوانی لە سوید پاڵپشتیی دەکەن.
زیان ڕۆژی 24ی ئەیلوول دەگەڕێتەوە سوێد، بۆ ئەوەی پێش پاڵەوانێتییەکە ڕاهێنانێکی چڕوپڕ بکات. بڕیاریشە لە سوید ڕاهێنەرێکی تایبەت ئاستی ئامادەیی جەستەیی زیان تاقیبکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانن لە کام بەشی پاڵەوانێتییەکەدا مافی بەشداریکردنی هەیە. پاڵەوانێتییەکە لە ڕۆژی 29ی نیسانی ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات. زیان کە ئاڵایەکی کوردستانی بەدەستەوەیە، دەڵێت خەونی من ئەوەیە بەم ئاڵایەوە بەشداری کێبڕکێیەکان بکەم، بۆیەش ئەمە دەکەم.[1]