قایمقامی شەنگال: ئەوانەی هاوکاری داعش بون جێیان لەشەنگال نابێتەوە
📊 ئامار و راپرسی
گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەی
شەنگالشەنگال بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 13 هەزار خێزان گەڕاونەتە سەر ماڵوحاڵی خۆیان بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە لەلایەن هێزە چەکدارە ئیزیدییەکانی سەر بەحزبە کوردییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگالەوە رێگری لەگەڕانەوەی موسڵمانانی ناوچەکە دەکرێت کە رێژەی 35٪ی قەزای شەنگال پێکدەهێنن.
موسڵمانانی ناوچەی شەنگال زیاتر لەسەدا 35ی هەمو خەڵکی قەزای شەنگال پێکدێنن کە زۆربەیان نیشتەجێی ناوەندی قەزاکە بون و بەشێکی زۆریان لەکاتی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر ناوچەکە ئاوارەبون، بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی ئێزییەکان بەڕێژەیەکی زۆر بۆ شەنگال، مسوڵمانەکان ناوێرن بگەڕێنەوە، کە ناو ناوەندی شەنگال رێژەیەکی زۆری موسڵمان بوە، هیچ موسڵمانێکی نەکوردو نەعەرەب نەگەڕاوەتەوە و هەڕەشەی راستەوخۆیان لەسەرە و پێیانوتراوە بگەڕێنەوە دەکوژرێن.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگالی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، داود جوندی باس لەوەدەکات کە نەگەڕانەوەی موسڵمانەکان بۆ ناوچەی شەنگال پەیوەندی بەو ترسە دەرونییەوە هەیە کە لەلایان دروست بوەو هیچ پەیوەندی بەرێگری هێزە ئێزیدییەکانەوە نییە.
بەبڕوای جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگال هەمان شت بۆ بەشێک لە ئاوارە ئێزیدییەکانی ناوچەی شەنگال راستە کە هێشتا دڵنیا نین لەدۆخەکەو نەگەڕاونەتەوە ناوچەکەیان.
ئەو باسیشی لەوە کرد کە لەساڵی رابردوەوە پروپاگەندەی تیرۆر کردنی موسڵمانان لە شەنگال بڵاوبۆتەوە ئەوەش رەنگە بەشێک بێت لەهۆکاری نەگەڕانەوە.
بەڵام بەپێی وتەی داود جوندی لەکاتێکدا تا ئێستا 34 حاڵەتی تیرۆر لەشەنگال هەبوەو لەو ژمارەیەش 28 کەسیان ئێزیدی بون و تەنیا 6 کەسیان ئێزیدی نەبون کە یەک دوانێک لەو 6 کەسەش موسڵمانی خەڵکی ناوچەی شەنگال نەبون.
بەڵام قائیمقامی قەزای شەنگال، مەحما خەلیل رەتیدەکاتەوە هیچ رێگرییەک لەبەردەم گەڕانەوەی موسڵمانانی قەزای شەنگالدا هەبێت و وتیشی”هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان موسڵمان و ئێزیدی و هەموان خەڵکی شەنگالن تەنیا ئەو مرۆڤانەی کە خراپ بون و هاوکاری داعش بون هیچ شەنگالییەک قبوڵیان ناکات”.
مەحما خەلیل باسی لەوەشکرد کە زیاتر لەسەدا 65ی هەمو خەڵکی شەنگال ئێزیدین و زیاتر لەسەدا 12ی کوردی موسڵمانن و هیچ کێشە لەنێوانیاندا نەبوە.
بەڵام قائیمقامی قەزای شەنگال ئەوەشی نەشاردەوە کە بەشێک لەو عەرەبە موسڵمانەی کە دانیشتوی ناوچەکە بون لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال هاوکاری چەکدارانی ئەو رێکخراوەیان کردوە بۆیە بەقسەی ئەو “ئەوانە کە رەنگە لەسەدا 3 بۆ 5ی خەڵکی شەنگال پێکدەهێنن خیانەتیان لە شەنگال کردوە و جێیان لە شەنگال نابێتەوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەر بەگوێرەی قسەی قائیمقامی شەنگال تاوەکو ئێستا 13 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەی شەنگال و لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 100 خێزانیان بۆ ناو ناوەندی قەزاکە گەڕاونەتەوە، بەڵام تەنیا 50 خێزانی ئاوارەی موسڵمان گەڕانەتەوە بۆ شەنگال.
قائیمقامی شەنگال باسی لەوەشکرد کە لەئێستادا پرۆسەی گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال بەردەوامە و تاوەکو خزمەتگوزارییەکان باش بکرێن بەتایبەت لەناو ناوەندی قەزاکە گەڕانەوەی ئاوارەکان زیاتر دەبێت.
جگە لەئێزیدی و کوردو عەرەبی موسڵمان لەشەنگال پێکهاتەی مەسیحیش دەژین کە نزیکەی لەسەدا 3ی ناوچەکە پێکدەهێنن.
[1]