لە یەکێک لە گوندەکانی سنووری قەزای #پێنجوێن#، دروستکردنی گوندێکی بچووک، لەسەر شێوەی گوندە کۆنەکانی کوردستان، سەرنجی زۆری هاووڵاتییان و بەتایبەتیش ئه و گەشتیارانەی به لای خۆیدا ڕاکێشاوە، کە ڕوو دەکەنە سەیرانگاکانی سنوورەکە.
ئازاد ئەحمەد، ئه و هاووڵاتییەیە کە دانیشتووی گوندی کێلۆی نزیک قەزای پێنجوێنە و خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی گوندەکەیە، بە (باس)ی ڕاگەیاند: بیرۆکەی ئەم کارەم پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ناوچەکەمان سروشتێکی جوانی هەیە و ناوچەیەکی گەشتیارییە، به و پێیەی خەڵێکی زۆر لێرەوە دەڕۆن، بۆیە بیرم لەوە کردەوە، کە لە ماوەیەکی کەمدا بتوانم خۆبەخشانە ئەم خانووە بچکۆلانەیە لەناو خانووەکەی خۆمدا، دروست بکەمەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، ویستم لەم ڕێگایەوە دڵی ئه و کەسانە خۆش بکەم، کە هێشتا خوازیاری بینینی سروشتی جوان و دڵگیر و کۆنی کوردستان و گوندەکانن.
سەبارەت به و کەرەستانەی بۆ دروستکردنی خانووەکان بەکار هاتووە، ئازاد گوتی: هەمان ئه و بەرد و دارەیە کە ماڵی پێ دروست دەکرێت، بەڵام بۆ سەقفەکەی کۆنکرێتم بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و بەرگەی سەرما و گەرما بگرێت.
جەختیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی گوندەکەیان لەسەر ڕێگایەکی ستراتژییە و کەوتووەتە نێوان هەر سێ سەیرانگای (نۆبوک، سێچاکان، سێکوان) هەموو کات دەرگامان بە ڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا کراوەیە، بەتایبەتی ڕۆژانەی هەینی ئه و کەسانەی بەوێدا دەڕۆن هەتا نەیەن لای خانووەکان و وێنەی لەگەڵدا نەگرن ناگەڕێنەوە.
لەبارەی شێوازی دروستکردنی گوندە بچووکەکەیەوە، ئازاد ئەحمەد نەیشاردەوە، کە ئه و شێوازەی بۆ دروستکردنی خانووەکانی بەکار هێناوە، هەمان ئه و شێوازە کۆنەی گوندەکانی جارانی کوردستانە، بەشێوەیەک خانووەکان لە دوو قات پێکهاتوون، قاتی خوارەوەیان زیاتر بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە، پێیان گوتووە خان و خاوەن ماڵ و خێزانەکانیش لە قاتی سەرەوەدا دانیشتوون.
گوتیشی: مامەڵەی نەرم لەگەڵ بەردی ڕەقدا، شتی جوانی لێ بەرهەم دێت، هەر بۆیە کاتێک خانووەکانم دروستک کرد، پێویستم بە هاوکاری هەبوو، چونکە بەتەنیا ناکرێت، بۆیە لەگەڵ خێزانمدا کارەکەم تەواو کرد. ئه و بەردانەی بۆ جوانکاریی دەوروبەری گوندە بچووکەشم بەکار هێناوە، هەر یەکە و لە شوێنێکی سنووری پێنجوێنەوە هێناومن“.
لە کۆتاییشدا ئازاد ئەحمەد گوتی: هەر خانوویەک ماوەی (24) سەعاتی ویستووە، خەڵکێکی زۆر هاتووە داوای زانیارییان کردووە کە ئایا چۆن خانووەکانم دروست کردووە.
شایەنی باسە، گوندی کێلۆ، نزیکەی (10) کیۆمەتر لە سەنتەری قەزای پێنجوێنەوە دوورە.[1]