کەرکوک تەنیا لە جێبەجێکردنی یاسای پترۆدۆلاردا سوودی لە نەوتەکەی وەرگرتووە
📊 ئامار و راپرسی
دانیشتوانی شاری
کەرکوککەرکوک پێیانوایە نەوتی کەرکوک هیچکات نەبووە بە خێر و بەرەکەت بۆ هاوڵاتیانی شارەکە، سەرۆکی ئەندازیارانی نەوتی باکوریش دەڵێت نەوت تەنها لە کاتی پترۆدۆلار بەسوود بووە بۆ دانیشتوان و خزمەتکردنی شاری کەرکوک.
حکومەتی ناوەند و
حکومەتی هەرێمحکومەتی هەرێم ڕۆژانە نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی کێڵگە نەوتییەکانی
هاڤانەهاڤانە و
بای حەسەنبای حەسەن و
بابەگوڕگوڕبابەگوڕگوڕ و
خەبازخەباز و
جەمبورجەمبورەوە دەردەهێنن کە دەکاتە نزیکی 420 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، هاوکات شاری کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی کەمترین خزمەتگوزاریی تێدایە.
محمدعەبدوڵا، هاوڵاتییەکی کەرکوکییە و پێشمەرگەیە، بۆ رۆژنیوز وتی:هەموو کەسێک دەزانێت کێ نەوتی کەرکوک و داهاتەکەی دەبات، هەر ئەم حکومەتە دەیبات، خەڵکی کەرکوک لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم کەوتوەتە ژێر پێیوە، خەڵکی ئەم شارە تەنیا دووکەڵ و نەهامەتییەکەی بۆ دەمێنێتەوە، خەڵکی تەواو بێزار بووە لەم شارە، هەرچی کێشەی حزبەکان و کێشەی نێوان بەغدا و هەرێم هەیە ڕووبەڕووی خەڵکی کەرکوک دەبێتەوە.
محمد وتیشی جێگەی قبوڵکردن نییە لیترێک بەنزین 100 دیناری گران بووە، ئێمە چەند ساڵە دەڵێین لەژێر دەسەڵاتی بەعس بووین و ڕەزاڵەتمان کێشاوە چاوەرێی ئەو حکومەتە کوردییەمان دەکرد، ئەو حوکمەتە کوردییەش بەو شێوەیەیە کە ئاوا خەڵک عەزیەت دەەدا، لەلایەک باسی ریفراندۆمم بۆ دەکات، جارێ زۆری ماوە بۆ ریفراندۆم، چونکە خەڵکەکەت برسییە، هیچ کوردێک حەزناکات لەژێر ئاڵای عێراقدا حوکمی بکرێت، ئێمەش پێمانخۆشە دەوڵەتمان هەبێت، بەس ئەمانەی نیازی دروستبوونی دەوڵەتیان هەیە خەڵکیان کوشتووە لە برسان، بەڕاستی بارودۆخی خەڵکی زۆر زۆر خراپە، ڕۆژانە برۆ سەیری تورکیا بکە بزانە خەڵکی ئەم هەرێمە چەند کۆچ دەکەن و سەری خۆیان هەڵدەگرن بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە ئومێدی هەیە لەوێ بەشی خۆی بۆ سەرف دەکرێت، ئەی خێرە لێرە بەشی نەوتی خۆی بۆ دابین ناکەی؟ بەس بزانم ئەم هەموو پارەیە ئەچێتە گیرفانی کێ؟
شیڤان شوانی وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی سەبارەت بە نەوتی کەرکوک، بۆ ڕۆژنیوز وتی:من وەکو دانیشتوویەکی شاری کەرکوک، لەوەتەی لەدایک بووم هیچ سوودێکم لە نەوتی شارەکەم وەرنەگرتووە، هەموو وڵاتانی دونیا چاویان لەم کەرکوکەیە نەک لەبەرئەوەی پەرۆشمان بن و خۆشیان بوێین، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی نەوتمان هەیە، بەڕاستی نەوتی ئەم شارە بۆ هەموو دونیا دەڕوات، ئایە داهاتەکەی لە کوێیە، بەڕاستی خەڵکی ئەم شارە بێزارن لەبەرئەوەی نەوتەکە هیچ داهاتێکی دیارنییە.
هاوڵاتییەکی تری شارەکە بە ناوی عەلی شوکر بۆ ڕۆژنیوز وتی:بەڕاستی نەوتی کەرکوک هیچ سوودێکی نەبووە بۆمان، من وەکو هاوڵاتییەکی پێموایە کە ناوەند لەلایەک دەیبات و هەرێم لەلایەکی تر دەیبات، هیچ سوودێکی نەبووە بۆ ئێمەی کەرکوکی، لەکاتێکدا لەسەر دەریایەک نەوتین، جاری وا هەیە بە دوو ڕۆژ بە سێ ڕۆژ جاری وا هەیە بە هەفتە نۆرە دەگرین بۆ 50 لیتر نەوت، هیوادارین کەمێک بەخۆیاندا بچنەوە.
فەرهاد هەمزە، سەرۆکی ئەندازیارانی نەوتی باکور بۆ ڕۆژنیوز وتی:ئاشکرایە لە دوای هاتنی داعشەوە ئەو کێڵگانەی کەوتونەتە سنوری شاری کەرکوکەوە بەسەر دوو بەشدا دابەش بوون، بەشێکی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتین لە کێڵگەکانی هاڤانە و بای حەسەن کە لە توانایدایە ڕۆژانە 250 تا 260 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، بەشەکەی تری کە کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕ و خەباز و جەمبورە، لەژێردەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی باکورە کە حکومەتی ناوەند بەرێوەی دەبات و لە توانای دایە رۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.
هەروەها وتیشی:لە داهاتی ئەو نەوتەش کە لەکەرکوکەوە دەردەهێندرێت حکومەتی ناوەند تەنها مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی شارەکە دەنێرێت بێ ئەوەی یەک ڕۆژ دوابکەوێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت بۆ خزمەتگوزاری و پرۆژە و ئاوەدانکردنەوە، ئەو نەوتەی کە هی شاری کەرکوکە و لە ڕێی حکومەتی هەرێمەوە دەفرۆشترێت لەداهاتەکەیدا مانگانە تەنها 10 ملیون دۆلار بۆ شاری کەرکوک دەنێردرێت، کە ئەو بڕەش دیسانەوە هەموو پێداویستییەکانی شاری کەرکوکی پێ پڕناکرێتەوە، خەڵکی کەرکوکیش ڕازی نین کە لە داهاتی نەوتەکە.
فەرهاد هەمزە وتیشی:نەوتی کەرکوک تەنها ئەو کاتە خزمەتی بە شاری کەرکوک گەیاندووە کە پرۆژەی پترۆدۆلار هەبوو، بەڕاستی ئەو ئاوەدانیەی کەرکوک لە ماوەی ساڵەکانی 2011 تا 2013 بەخۆیەوە بینی بەرهەمی پرۆژەی پترۆ دۆلار بوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئەو پرۆژەیە وەستاوە و هیچ بڕە پارەیەک نانێردرێت بۆ شارەکە.
ئەو ئەندازیارە وتیشی:لەو نەوتەی کە لەژێر دەسەڵاتی نەوتی باکورە، بەشێکی دەنێرن بۆ پاڵاوگەکانی کەرکوک و بازیان و کەڵەک و بەغدا، بەمەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی وەک نەوت و بەنزین و گاز بۆ شاری کەرکوک، بۆیە بەشێکی کەمی ئەو نەوتە دەنێردرێتە دەرەوە.
[1]
01-09-2017