نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز عومەری سەید عەلی / رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان
📝 بەڵگەنامەکان
دوای سڵاو و رێز بۆ جەنابتان، هیوادارم بەڕێزتان لەتەندروستییەکی زۆر باش دابیت.
کاک عومەر من وەکو هاوڵاتییەکی دڵسۆز بەنیشتمان و پرسە چارەنووسسازەکانی ئه و نامەیەم نوسییوە و نامەکەم لەچوارچێوه و بازنەی هیچ ئۆرگان و لایەنێکی سیاسیدا نییە، تەنها دەرهاوێشتەی ویژدان و خەمخۆری و دڵسۆزیمە بۆ نیشتمان.
.. گومانی تێدا نییە کە لەسیستمە رۆژهەڵاتییەکاندا سەرۆک و سکرتێر و رێکخەر و رابەر رۆڵی سەرەکی دبینین لەرووداوەکان و هەر ئەوانیش ئەبن بەرێکخەری هاوسەنگی لەناو حزبەکانیان و هەروەها لەناو جولانەوەی سیاسی و ململانێکانیدا، بۆیە بەکۆچی دوای کاک نەوشیروان ئەرکی گەورەی
بزوتنەوەی گۆڕانبزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەئەستووی بەڕێزتان دایه و ئەوەش بەرپرسیارەتی بەڕێزتان وەکو رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان و ئه و جەماوەرەش چ هەوادارو ئەندام بن یاخود دەنگدەری هەڵبژاردنەکان، هەمووی لەچوارچێوەی ئه و ئەرکە قورسانەی جەنابتان دایە.
.. جەنابی کاک عومەر.... دوورە پەرێزی گۆڕان لەپڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەهەر بیانوێکی پاک و مەشروعیش بێت، مەودایەک بزوتنەوەی گۆڕان لەنەخشەدانانی سیاسی ئێستا و ئایندەی کوردستان دووردەخاتەوە، دوور نییە بزوتنەوەی گۆڕان بێبەش و بێ توانابکات لەپەڕینەوە بۆ قۆناغی دواتر ئەوەش دەبێتە هۆی زیانهێنێکی سیاسی گەورە بۆ بزوتنەوە بەڕێزەکەتان.
.. بەڕێز کاک عومەر... لەهەموو مێژووی جیهانی دوور و نزیکدا دامەزراندنی دەوڵەت هەرگیز پەیوەست نەبووە بە مەرجی بوونی شەفافیەت و حوکمی رەشید و نەزاهەت بەڵکو هەمیشە رێککەوتی سیاسی و هەڵکەوتنی هەلی مێژوویی و وەچەرخانی رووداوە سیاسییەکان وایان لەسەرکردە ئازاکان کردووە بڕیار بدەن و پشت به و ئەگەرانه و و بەتوانای میللەتەکەیان ببەستن بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و بونیادنانی دەوڵەت، بەرێزیشتان دەزانن کەجیاوازی زۆر لەنێوان دەوڵەت و حکومەتدا هەیە، دەوڵەت بەمانای سیادەی نیشتمانی و پێناسەیە بۆ هاوڵاتیانیەتی، ئەما حوکمی رەشید و شەفافیەت و نەزاهەت و رێگەگرتن لە گەندەڵی ئەوا لەتایبەتمەندییەکانی ئه و حکومەتە یەکلەدوایەکانەدایە کە لەلایەن خەڵکەوە لەچوارچێوەی سیادەی دەوڵەتدا هەڵدەبژێردرێن و بەشێوەیەکی دیموکراسییانەش دەستاودەست دەکرێت هەر ئەوەشە دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون.
.. ئەگەر لەئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان وەکو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی میللەت خۆی وێناکردووە، ئەوا دەتوانێت هەمان رۆڵ لەچوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆشدا بەگوڕ و تینێکی زیاتر ببینێت و دوور نییە لەهەڵبژاردنەکانی گشتی دەوڵەتی کوردستانیشدا متمانەی میللەتیش وەدەست بهێنێت بۆ دروستکردنی حکومەتێکی شەفاف و رەشید کە دمێکە بزوتنەوە بەڕێزەکەتان و تەنانەت لایەنەکانی تریش کە لەدەسەڵاتن هەوڵی بۆ ئەدەن. هەرگیز پێشبینی ئەوەش ناکرێت کە دەوڵەتی کوردستان دەوڵەتێکی دیکتاتۆری بێت لەبەر زۆر هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی و ئیسترایجی وەڵاتە زلهێزەکانیش رێگر دەبن، تەنانەت ئیمزاکردنی دەوڵەتی کوردستانیش لەسەر میساقی نەتەوە یکگرتووەکان و رێککەوتنە پاشکۆکانیشی زامنی پرسی حوکمی رەشید و شەفافن.
جەنابی کاک عومەر.... لەئێستادا کوردستان بەره و ریفراندۆم دەڕوات و هەموو ئەگەرەکانیش ئەوەمان پێدەڵێت کە گەلانی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو دەنگ بۆ سەربەخۆیی ئەدەن و بێگومان لەهەمان کاتیشدا بەشێکی بەرچاویش بەنەخێر دەنگ دەدەن کەمن ئەوانیش بەکەسانی دڵسۆز دەزانم! بەڵام لەئایندەدا و لەنێو دێڕەکانی مێژوودا ئه و خۆدوورگرتنه و هەڵوێسێتەی بزوتنەوەکەتان بەکارێکی ئەرێنی تۆمارناکرێت و دووریش نییە ئەم هەڵوێستە ببێتە هۆی پەراوێزبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و ئینتحاربوونی سیاسی و کوژانەوەی لەمەیدانی کاریگەربووندا لەسەر نەخشەی سیاسی کوردستان.
.. لەکۆتایدا هیوادارم جەنابتان وەکو سەرکردەیەکی ئازا لەپاڵ سەرکردەکانی ترو ئه و جەماوەرەش کەمتانەی بەئێوە داوە هەموو ئه و گرفت و کێشەو(غوبن)انە کەلەئەنجامی ململانێی سیاسیدا دروستبوون وەلا نێن وەکو چۆن بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرتادا بەمومێکی داگیرساوەوە هاتە مەیدان ئاوەهاش بەهەمان مۆم و هەمان وزە رێگای سەربەخۆیی رۆشنتر بکەنەوه و جەنابتان و بزوتنەوەکەتان ببن بەخاوەنی ئه و پرسە کە لەمێژوودا هەر یەکجار روودەدات و دووبارە نابێتەوە.
هەر بژین، بەهیوای سەرکەوتن و سەرفیرازی
هاوڵاتی
هەڵگورد عبدالوهاب جندیانی
هەولێر - 30-08-2017