- پارتی کۆمۆنیستی مارکسیست لینینیستی تورکیا(MLKP):
بە پارتی دەستپێشخەر لە دامەزراندنی بەتالیۆنی ئازادیی ڕۆژئاوا دادەنرێت. ئەو پارتە لە 1994 دامەزراوە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە ساڵی 2012 وە بۆ یارمەتیدانی یەپەگە، چەکداری ڕەوانەی سووریا کردووە، هەروەها بۆ پاراستنی ئێزدییەکانی شنگال چەکداری بۆ پەکەکە ناردووە. لە نیسانی 2015 ئەو پارتە ڕایگەیاند کە بنکەیەکی چەکداریی هەمیشەیی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە لە باکووری هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
- سوپای ئازادیی کرێکاران و جووتیارانی تورکیا (TIKKO):
لقی سەربازیی پارتی (MLKP)یە و هێزیان لە ڕۆژاڤای کوردستان هەیە. لە 25ی ئاداری 2016 مۆتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە بارەگای سەرەکیی ئەو گرووپەدا لە سەرێکانیێ لە ڕۆژئاڤای کوردستان تەقاندەوە و دوو ئەندامی ئەو گرووپە بریندار بوون و زیان بە بارەگاکەیان گەیشت.
- هێزە یەکگرتووەکانی ئازادی (BOG) : ئەو هێزە بە ئیلهام وەرگرتن لە لیوا نێودەوڵەتییەکانی کاتی شەڕی نێوخۆی ئیسپانیا دامەزراوە. هێزەکە لە کانوونی یەکەمی 2014 وەکوو ڕێکخراوێک بۆ چەکدارە بیانییەکانی سەر بە بیرۆکەی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ و ئانارشیستەکان لە شاری کۆبانێ دامەزرا. پارتی کۆمۆنیستی مارکسیست لینینیستی تورکیا نەهاتووەتە ڕیزی ئەو هێزانەوە، بەڵام دواجار هێزە یەکگرتووەکانی ئازادی و گرووپەکانی دیکە بەتالیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییان دامەزراند کە بە گەورەترین گرووپی چەکداریی نێو کەتیبە نێودەوڵەتییەکە لەقەڵەم دەدرێ.
- دامەزراندنەوەی کۆمۆنیستی (Reconstruccion Comunista): گرووپێکی مارکسیست لینینیستی ئیسپانییە کە ئاڵاکەی بە هەندێک گۆڕانکارییەوە لە ئاڵای کۆماری دووەمی ئیسپانیا دەچێت. بەگوێرەی هەواڵێکی مانگی تەمووزی 2015ی ماڵپەڕی (ئێل پایس)ی ئیسپانی، دوو چەکداری ئەو گرووپە لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕۆژئاڤاوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیسپانیاوە دەستگیر کراون. دامەزراندنەوەی کۆمۆنیستی پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ (MLKP)دا هەیە و تەنانەت لە شنگالیش شەڕیان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (زە سپەین ڕیپۆرت)، پۆلیسی ئیسپانیا لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 هەشت کەسی ئیسپانی و کەسێکی خەڵکی تورکیای دەستگیر کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی ئیسپانیا ئەو نۆ کەسە هەوڵی کۆکردنەوە و ڕاکێشانی ئەندام بۆ پەکەکە، کەجەکە و یەپەگەیان داوە. وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیاش ڕایگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکان هەوڵی گواستنەوەی خەڵکیان بۆ ناو ڕیزەکانی یەپەگە داوە. بەشی زۆری ئەوانەی دەستگیر کرابوون ئەندامی گرووپە چەپە ئیسپانییەکە بوون.
- پارتی کاری کۆمۆنیستی تورکیا/ لینینستەکان (TKEP/L) : پارتێکی چەپی نایاساییە لە تورکیا. ئەو گرووپە بارەگایان لە ڕۆژئاڤای کوردستان هەیە.
- یەکێتیی شۆڕشگێڕان بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی: گرووپێکی کۆمۆنیستی ئانارشیستی یۆنانییە. لە ساڵی 2015ەوە لە سووریا شەڕ دەکەن. دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی یۆنان بە نیگەرانییەوە لە بەشداریی ئەو گرووپە لە شەڕی سووریا دەڕوانن، لەبەر ئەوەی پێیانوایە ئەو شەڕکەرانە مەشقی شەڕی پارتیزانی وەردەگرن و دواتر دەتوانن ئەوەی فێری بوون لە وڵاتی خۆیان (واتە یۆنان) دووبارەی بکەنەوە.
- لیوای بۆب کرۆ (BCB) : چەکدارانی ئەو گرووپە خەڵکی بەریتانیا و کۆماری ئێرلەندان. ناوی گرووپەکە لە ناوی بۆب کرۆ، سەرکردەی سەندیکایەکی بازرگانیی بەریتانی وەرگیراوە کە خۆی بە کۆمۆنیست/ سۆسیالیست دەزانی. لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر بەشێک لە باکووری سووریا و پێکدادانی هێزەکانی یەپەگە و تورکیا، هێزەکانی بۆب کرۆ لە ڕەققەوە ڕوویان لە مەنبج کرد، لە ڕاگەیێندراوێکیشدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە کاتێک بۆ بەرگری لە شۆڕش (واتە شۆڕشی ڕۆژاڤا) هاتینە سووریا، مەبەستمان ئەوە بوو لەبەرامبەر هەموو دوژمنێکی بچووک و گەورە بەرگریی بکەین.
- لیوای هێنری کراسوکی: گرووپێکی چەکدارە کە لە چەپەکانی فەرەنسا پێکهاتووە و ئەندامانی ئەو گرووپەش بە ئیلهاموەرگرتن لە گرووپی بۆب کرۆ ناوی خۆیان لە سەرکردەی یەکێک لە بزووتنەوە سەندیکاییەکانی فەرەنسا بە ناوی هێنری کراسوکی وەرگرتووە.
- هێزە گەریلاییەکانی شۆڕشی نێودەوڵەتیی گەل (IRPGF) : گرووپێکی چەکدارە کە لە ژمارەیەک چەکداری ئانارشیست لە هەموو ناوچەکانی جیهان پێکهاتووە. ئەو گرووپە لە 31ی ئازاری 2017 و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاند. وەکوو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجی ئەو گرووپە بەرگریکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا و بڵاوکردنەوەی ئانارشیزمە. ئەو گروپە لە نیسانی 2017 وە بووە بە ئەندام لە دەستەی کارگێڕیی بەتالیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادی. ئەو گرووپە لە تەمووزی 2017 پێکهێنانی هێزی هاوڕەگەزخوازەکانی بە ناوی هێزی (TAQILA) ڕاگەیاند.
- سوپای سەرهەڵدان و ئازادیی جێندەری (TAQILA) : بەشێکە لە کەتیبەی نێودەوڵەتیی ئازادی و لە 24ی تەمووزی ئەمساڵدا ڕاگەیێندرا. ئەندامانی ئەو گرووپە لە (IRPGF)شدا ئەندامن. لە بەیاننامەی دامەزراندنی گرووپەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە سەرکوتی سیستەماتیکی هاوڕەگەزخوازەکان لەلایەن داعشەوە هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی ئەو گرووپە چەکدارەیە.
گرووپی دیکەش بەشدارن لە کەمپینی چەپەکانی جیهان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاڤا، لەوانە:
- ڕێکخراوی کۆمۆنیستی مارکسیست لینینستی فەرەنسا/ ڕێگەی پرۆلیتاریا
- گرووپی لیبێرتارییەکانی بروکسل
- کۆمکاری ئافرەتە سۆسیالیستەکان
- کۆمەڵەی کۆچبەرانی بەلجیکا
- بەرەی کار و ئازادیی تورکیا
- هەنگاوی هاوئاهەنگی دژی فاشیستەکان لە فەرەنسا
- پلاتفۆرمی دەنگی بەندکراوان
- خەباتی بەریتانییەکان
- پشتیوانی لە هێزی کار
- هەڵمەتی هاوبەشی شتوتگارت
- بنیاتنانی شۆڕشگێڕانە
- یارمەتیی سوور
- گرووپی گەنجانی شۆڕشگێڕی بێرن (سویسرا)
- گرووپی ئانارشیستەکانی بێرن (سویسرا)
- گەنجە شۆڕشگێڕەکانی زوریخ
- تۆڕی ئەنارشیستەکانی جنێڤ/ تۆڕی دژی فاشیستەکان (سویسرا)
- کۆمەڵەی ڕێکخراوە مارکسیست لینینستەکانی فەرەنسا
- یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی لیۆن
- گرووپی دژە فاشیستەکانی لیۆن و دەوروبەری
- بەرەنگاربوونەوەی بە کۆمەڵی چەوساندنەوە/ گرووپی نێودەوڵەتیی ڕزگاری
- ڕێکخراوی کردەی گەنجە شۆڕشگێڕەکان
- لیبەرتارییە ئەڵتەرناتیڤەکانی ڤالێنسیەن -فەرەنسا
- فیدراسیۆنی پارتی کۆمۆنیستی شارلوا -بەلجیکا[1]