ئەمریکا، به سەدان ملیۆن دۆلار هاوکاری پێشمەرگەمان کردوە
📊 ئامار و راپرسی
ئێریک باهۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەڕاگەیەندراوێکدا کە لە سایتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی داعش لە ساڵی 2014وە، جگە لە پێشکەشکردنی سەدان ملیۆن دۆلار کۆمەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پشتیوانی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگەشیان کردووە لە رێگەی پێدانی چەک بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی.
وتەبێژەکەی پنتاگۆن، روونیشیکردۆتەوە، ئەو سەربازانەی ئەمریکا راهێنانیان بە هێزە کوردییەکان کردووە و هاوکاری باشیان کردوون لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش.
باهۆن، باسی لەوەشکردووە، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بەردەوامدەبێت کە لە 18ی نیسانی ساڵی 2016 دا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە ئیمزایانکردووە، لە پێناوی ئاسانکاری لە پێدانی ئەو هاوکارییە داراییانە بۆ ئەو هێزانەی لە جەنگی ئازادکردنی موسڵدا بەشدارییان کردووە.
وتیشی هاریکاری نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری هەبووە لە شکستپێهێنانی داعش.
ناوبراو، ئاشکراشیکرد، زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژی داعش لە عێراقن و بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی باشیان لەگەڵ هێزە عێراقییەکاندا هەیە.
رۆژی 18ی نیسانی ساڵی 2016 بەپێی رێککەوتنێکی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕی (415) ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 21-08-2017