بارودۆخی ئەمنی رێگرە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بەڕێوەبەری گشتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، بارودۆخی ئەمنی رێگڕە لەبەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
پەری نوری عەزیز، سەرپەرشتیاری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان بە دواڕۆژی راگەیاند بارودۆخی ئەمنی قەزای شنگال رێگرە لەبەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون تاوەکو ئێستا 42 گۆڕی بە کۆمەڵی لە قەزای شنگال دەستنیشانکردووە.
ئه و بەڕێوەبەرە وتیشی بەهۆی ئەوەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان پێویستی بە دۆکیومێنتکردنە، ئەویش بە وێنەگرتن و چەندین رێگەی تر، بۆیە لە دوایین سەردانمان بۆ ئه و قەزایە و سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە 29 تەموزی ئەمساڵ لەلایەن ئاسایشی ئه و قەزایە ئاگادارکراینەوە کە هەڵدانەوەی ئه و گۆڕانە لە ئێستا مەترسی بۆ سەر تیمەکانمان دروستدەبێت.
لە ناوەڕاستی تەموزی ئەمساڵ وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بە دواڕۆژی راگەیاندبوو، کە وەزارەتەکەیان کار لەسەر ئەوە دەکات پێش 3 ئاب ساڵڕۆژی کەوتنی شنگال دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکات.
لە 28 ئازاری2016 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خولێکی سێ رۆژەی بۆ تیمێکی تایبەتی وەزارەتەکەیان کردەوە بۆ چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی قەزای شنگال و ئه و ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدا بووە.
پێشتر چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لە ناحیەکانی سەعدیە و جەلەولا هەڵدراونەوەتەوە و لەسەر ژمارەی گۆڕەکان و ئه و روفاتانەی له و گۆڕانەدا بوون سەرپەرشتیاری گۆڕەبەکۆمەڵەکان دەی وت 12 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و 54 روفات هەبوو کە پێشمەرگەبوون لەگەڵ ئه و عەرەبانەی کە داعش بە چەندین بیانوی دەستگیریکردبوون و کوشتبوونی.
08-08-2017