دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر تاوانی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، ڕێکخراوی داکۆکی لەگەلانی هەڕەشەلێکراو کە بارەگاکەی لەگۆتنگنی ئەڵمانیایە ڕۆژی چوارشەممە 2ی ئابی 2017 سەعات 1ی پاش نیوەڕۆ لە کرۆپکەی سەنتەری هانۆڤەری ئەڵمانیا گردبونەوەیەک بەدروشمی هاوکاری ڕزگاربوانی جینۆسایدی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان ڕێکدەخات.
ڕێکخراوەکە لەڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەڵکی کوردستان ناردووە داوا لەڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بەدەم هاواری ئێزدییەکانەوە بچن و تاوانی جینۆسایدی شەنگال لە 3ی ئابی 2014دا وەبیردەهێنێتەوە و ڕاوەستانی ناڕەزایی لەبیرەوەری ساڵیادی ئەو تاوانە قێزەونەدا ڕادەگەیەنێت.
لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ڕێکخراوی داکۆکی لەگەلانی هەڕەشەلێکراو وەک ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆست خوازیارە بەپلەی یەکەم ئەو یادە بەرزڕابگرێت و ئەو تاوانە شەرمەزار و مەحکوم بکات و چارەنوسی ئەو ژنانەش بزانێت کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە ڕفێندراون.
ڕاوێژکاری ئەم ڕێکخراوە د.کەمال سەیدۆ سەبارەت بەم کۆبونەوەیە لە ڕاگەیاندراوێکدا، ڕونیکردۆتەوە بۆ ئەو یادە 100 بالۆنی بچوکیان ئامادەکردووە بەئاسمانی سەنتەری شارەکەدا هەڵی دەدەن وەک هێمایەک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئێزدییانەی کە لەنائارامیدا دەژین و لەباکوری عێراق هەست بەنیگەرانی و جیاوازی ئایینی دەکەن.
وتیشی مێژووی چەوساندنەوەی ئایینی ئێزدییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویەکی دوور و درێژەو چەندینجار کەوتوونەتە بەر شاڵاوی کۆمەڵکوژی.
ڕاوێژکاری ڕێکخراوەکە هێما بۆ ئەوەدەکات گەلی ئەڵمانیا دەزانێت لە 3ی مانگی ئابی 2014دا زێدی ئێزدییەکان لەشەنگال کە باکوری عێراق واتا هەرێمی کوردستانە وێرانکرد و خەڵکەکەی ئاوارەبوون و نزیکەی 5 هەزار کەس کوژران و 7 هەزاریشیان بەدیلگیران، تەنیا لەگوندی کوچە نزیکەی 300 کەس لەژنان و پیاوان و بەساڵاچوان کە توانای هەڵاتنیان نەبوو بەزیندویی لەناوبران و 800 کچ و ژنیش بەدیلی گیران، ئەوانی تریش کە ژمارەیان دەگەیشتە 5 هەزار کەس لەژن و منداڵ پیروپەککەوتە بەناچاری ڕاپێچی موسڵ کران و دواتر لەو ژمارەیە تەنیا 900 کەسیان توانیان خۆیان ڕزگار بکەن لەدەستی ئەو دڕندانە.
رونیشیدەکاتەوە، و ناچاریانکردوون بەهاوسەرگیری و مامەڵەپێکردنی کڕین و فرۆشتن لەبازاڕینوحاسدا، ئەمە جگە لەوەی کەنزیکەی 600 هەزار ئێزدی لەناویاندا ئاشوری و کلدان و شەبەک ئەرمەن و کەمینەکانیتر لەدەستی داعش هەڵاتوون و تا ئێستا لەکەمپەکانی پەنابەری هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەژین و کۆی گشتی ئاوارەکان نزیکەی یەک ملیۆن کەسە و تەنیا لەئەڵمانیا نزیکەی 120 هەزار وەک گەورەترین ڕەوەندی ئێزدی دەژین کەزۆربەیان لەبەر چەوساندنەوەو زوڵمی ئاینی هەڵاتون.!!
رەونیشیدەکاتەوە، لەهەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستڤالن و نیدەر زاکسن نزیکەی 50 هەزار ئێزدی دەژین ڕێکخراوی داکۆکی لەگەلانی هەڕەشەلێکراو هەر بەم بۆنەیەوەو بەر لەهەفتەیەک پەیامێکیان ئاراستەی حکومەتەکان و پەرلەمانی هەر 16 هەرێمە فیدراڵییەکەی ئەلمانیا کرد و داوایان لێکردن هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری ڕزگاربوانی دەستی داعش چڕ بکەنەوە و چارەسەری دەرونییان بۆ بکرێ و ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوەو تاوانبارانی ئەو تاوانە ڕاپێچی دادگای نێودەڵەتی بکرێن و هۆکارەکان دەستنیشان بکرێن و هاوکارانیان سزابدرێن.