رێژەی بێکاری لە کوردستان لە 15% نزیکبووەتەوە
📊 ئامار و راپرسی
وەزیری
کار و کاروباری کۆمەڵایەتیکار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، رێژەی بێکاری لە کوردستان لە 15% نزیکبووەتەوە، بەپێی هەندێک ئاماریش رێژەکە لەو ژمارەیە تێپەڕی کردووە.
لەکاتی بەشداری لە کردنەوەی دووەم پێشانگەی روانگە فورەس-2017 لە شاری هەولێر، محەممەد هاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتارێکی پێشکەشکرد.
محەممەد هاودیانی گوتی بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین، 67 هەزار گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن، لەوانە 26 هەزاریان لە رەگەزی نێرن و 41 هەزاریشیان لە رەگەزی مێن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راشیگەیاند، رێژەی بێکاری لە 15% نزیکبووتەوە، ئەم رێژەیە زۆرە و بە پێویستی دەزانم کەرتی تایبەت بەهێز بکرێت و هەلی کار بۆ گەنج و لاوان بڕەخسێنرێت.
محەممەد هاودیانی ئاماژەی بەوەشکرد دەبێت سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران بەهێز بکەین، کە ئێستا نزیکەی 70 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستاندا دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانیان هەیە، لەو ژمارەیەش 14 هەزار کاریان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر پێشانگای روانگە فورەس کرایەوە، کە تێیدا سەتان هەلی کاری نمایش دەکرێن، لە میانی دوو رۆژی پێشانگەکەدا خولی راهێنان بۆ گەنج و بەشداران دەکرێتەوە سەبارەت بە نووسینی سی ڤی.
26-07-2017