#تەحسین تەها چۆمانی#
ئەمڕۆ یەک ساڵ بە سەر ئەو کودەتایە ڕەت دەبێت کە بە گوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی و بەدواداچوونی بەشێک لە دەزگا ئەمنییە نێودەوڵەتیەکان، ئەو کودەتایەیان بە یەکێک لە کارە مەترسیدارو سیناریۆکانی خودی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان تەفسیرکرد، بەتایبەت لە دوای ئەوەی کودەتاکە لەسەر قسەی ئەردۆغا ڕووبەڕووی ناڕەزایی لایەنگرانی پارتی دادو گەشەپێدان بوویەوەو کەمتر لە 24 سەعات کۆتایی پێهێنراو تا ئاستێک ڕەوشەکە ئارامبوویەوە. ئەوەی مەترسی بوو لە کودەتاکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا، پێش هەر هەنگاونانێک، ئەو قسەیەی ئەردۆغان بوو کە کودەتاچییەکانی بە خایین وەسف کردو وتی تاوانی ئەو خیانەتە یەکجار سەخت دەبێت!!
لەو دوای کودەتاکە بارودۆخی سیاسی تورکیا ڕووبەڕوویی هەلومەرجێکی هەستیار بوویەوە، بەجۆرێک ڕۆژانی دوای کودەتاو هەتا خودی کودەتاکە دەرفەرتی بۆ ئەردۆغان ڕەخساند کە بەشێوەیەکی زاڵتر مومارەسەی دەسەڵاتەکانی خۆی بکات. ئەمەش بەتایبەت لە سەرکوتکردنی نەیارو هەموو ئەوانەشی کە بە مەترسی دەزانین لە سەر دەسەڵات و داهاتووی خۆی، هەتا ئەم جۆرە لە سەرکوتکردنە سیاسیە بارودۆخی ناوخۆی حزبی داداو گەشەپێدان-یشی گرتەوە.
ئەو سزایەی کە ئەردۆغان لە دوای کودەتاکەدا باسی لێوەکرد، لە ڕۆژانی دوای کودەتا دەریخست کە ئەوە بەتەنیا کودەتەچییەکان نین کە ئەم سزایە دەیانگرێتەوە، بەڵکو پڕۆژەکە لەوە فراوانترەو پێویستی بە سەرکوتکردنێکی گشتگیر هەیە، چونکە لە ڕاستیدا ئامانج لە کودەتاکە، تەنیا بریتیی بوو لە سەرکوتکردنێکی گشتیگیر. کە دواجار ئەم گشتگیرییە ئامانجە سەرەکیەکەی لێدان لە دەسەڵاتی لایەنی سیاسی و بەرتەسککردنەوەی مەوداکانی ئازادی و دیموکراسی و لاوازکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو لە تورکیا. لەم ڕووەوە هەوڵەکان بۆ لێدان و دەستگیرکردنی کەسایەتی سیاسی و داخستنی بەشێکی زۆری ڕۆژنامەکان و لە هەمان کاتدا زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و لەسەر کار لادانی بەشێکی زۆری دادوەران و مامۆستایانی زانکۆو...تاد. لە نیشانە هەرە مەترسیدارەکانی جێ بەجێکردنی هەڕەشەکانی دوای شکستی کودەتەکە بوون، کە پێی وابوو دەبێت کودەتاچییەکان سزای قورسی خۆیان وەربگرن.
ئەگەر لە دوای یەک ساڵ لە کودەتا سیناریۆ بۆ داڕێژراوەکەی ئەردۆغان، دەوڵەتی تورکیا چەندان هەنگاو لە مەسەلەی ئازادی و دیموکراسی و پارێزگاری کردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی دوورکەوتبێتەوە، ئەوا لە بەرامبەردا دەیان هۆکار وایکردووە لە ماوەی یەک ساڵی دوای کودەتا نیشانی بدەن کە سیاسەتی تورکیا بەرەوە سیاسەتێکی توندوتیژی ئیسلامی ئیخوانی توندڕەو و دیکتاتۆر دەچێت.
تورکیا نەک هەر بەلای چاودێرانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ، بەڵکو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە لە دوای کودەتاکەی ساڵی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆربۆتەوە. کە ئەمەش وایکردووە تورکیا بە بەراورد لە ساڵانی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دووربکەێتەوە، بۆیە وەک دەبینین ئەمڕۆ بەهۆکاری سیاسەتەکانییەوە تورکیا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کەمترین پێشوازی لێدەکرێت. هەروەک بۆتە هۆی ئەوەش کە وڵاتانی ئەوروپی بەتایبەتی لە چوارچێوەیەکی زۆر سنورداردا ڕێگە بە ڕەوەندی تورکی و هەوادارانی دادو گەشەپێدان بدەن لە وڵاتەکانیاندا چالاکییە سیاسییەکانیان وەک ساڵانی پێشوو ئەنجام بدەن. کە نموونەی هەرە بەرچاو ڕێگریکردن لە کەمپینی پشتیوانی بۆ دەستووری سەرۆکاتی تورکیا بوو.
ئەگەر باس لەوە بکەینەوە کە تورکیا یان ڕاستر بڵێین ئەردۆغان ئەو کودەتایەی بە دەرفەتێک زانی بۆ فراوانکردنی مەوداکانی دەسەڵاتی خۆی و لابردنی بەربەستەکانی بەردەمی، دەبێت بڵێین بەشێکی ئەو دەرفەتەی کە بەپشتیوانی ئەو هێزەی کە لە ناوخۆی تورکیا دروستی کرد، لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا بە ئاشکرا ڕەنگی دایەوە. کە لە سەرووی هەموویانەوە بەزاندنی خاکی سوریاو هێرشکردنە سەر هێزەکانی یەپەگە بوو لە مەنبەج، ئەمە جگە لە دەستتێوەردانی زیاتری سیاسی و سەربازی لە ناو خاکی عێراق کە بە ئێستاشەوە ئەو بەردەوامیەی هەیە. لەم ڕووەوە ئەردۆغان بۆ ئەوەی باری سەرنجی ناوخۆی تورکیا بە سیاسەتی دەرەکیەوە سەقاڵ بکات، هەوڵی داوە کە سیاسەتێکی زۆر واقیعگەرایانە پێشبخات، هەڵبەت ئەمە بۆ دیدگای وڵاتانی هاوسێ و دەرەکیش بەهەمان شێوە ڕاستە، تورکیا لەم ڕووەوە نایەوێت بێ هیچ جۆرە هەنگاوێک لە سیاسەتی دەرەکیدا لە ناوخۆی خۆیدا سەرقاڵی کێشەکانی بێت. بەڵکو بۆ ئەوەی وەک وڵاتێک ببێتە خاوەن یاریکەرێکی سەرەکی لە سیاسەتی ناوچەییدا هەوڵی دەستێوەردانی وڵاتانی لاوازتر لە خۆی دەدات وەک وڵاتانی عێراق و سوریا، کە لە ساتەوەختی ئێستادا تورکیا ئاسانتر دەتوانێت چ لە لایەنی سیاسیەوە یان سەربازیەوە دەستیان تێوەربدات.
خاڵێک کە پەیوەندی بە ڕەنگ و ڕووی داهاتووی سیاسەتی تورکیاوە هەیە، بریتییە لەوەی کە بەپێی بۆچوونی بەشێکی زۆری چاودێران ئەگەری هەیە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دەوڵەتێکی ئیسلامی توندڕەو بڕوات. بەتایبەت کە لە ئێستادا بەسنوردارکردنی ئازادی بیروبۆچوون و مەسەلەی دیموکراسی و کپکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و لاوازکردنی حزبە سێکۆلارەکان دەستی پێکردووە. ئەمە جگە لەوەی تورکیا ئەمڕۆ خۆی بەو مەرکەزە پیشان دەدات کە ڕابەرایەتی گوتاری ئیخوانی دوای میسر-ەوە دەکات.