نووسینی: یاسین نادر ڕەحمان
بەشی یەکەم
پێشینەی کورد به و ژینگە ژیانە مەینەتبار و سیاسییەی کە هەمیشە لە سەرەڕێیدا بووە، ئەوی لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا وا لێ کردووە کە هەمیشە لە دابەشکردنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییە ناسەقامگیرەکانی ژیان بەدوور نەبێت و هەمیشە کۆڵباری ژیانی سەختی ئیتر چ کۆچەریانە بێت چ زوڵم و ستەم و دابەشکردنە ئەنقەست و بێ ئەنقەستە سیاسییەکان بێت، وای لێ کردووە لە ژینگەیەکی تایبەت کە ناوی وڵاتی کوردستان بێت نەژێت و ئەم قەومە ڕەسەنەی مێژووی مرۆڤایەتی لە ژینگەیەکی بەربڵاوی جوگرافیایی لەنێوان چەندەها وڵاتی وەکو، عێراق و تورکیا و سووریا و ئێران بەگشتی و پشکداری بچووکی تر لە وڵاتانی تری وەکوو ڕووسیا و گورجستان و ئازەربایجان و چەندەها شوێنی تر، بێت.
بەم پێشەکییە و لە چوارچێوەی ئەم باس و خواستانەدا، هەندێک ناوچە و ژینگەی ژیانی کوردان هەیە کە کەمترین لێکۆڵینەوە و سەرچاوە لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەوان، بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی بەردەست و باوەڕپێکراوی مێژوویی هەیە، کە لە بورای کورتەباسێکی هاوشێوەدا ڕەنگە بخرێنە ڕوو، بەڵام هەر ئەم کورتەباسانەش دەتوانێت سەرەتایەک بن بۆ ناسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی زیاتر، باس، باسی ژینگەی نەناسراوی (کوردەکانی خەڵخاڵ)ە، کە لە ئێران و ناوچەکانی باکووری خوراسانی ئێراندا دەژین، کە بە ناوچەی (کرمانجنشێنەکانی کورد) لەوێدا ناسێنراوە.
-مێژووی کوردەکانی خەڵخاڵ:
جێگۆڕکێکردنی نەتەوە و تایفەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و کۆچ پێکردنیان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، ئەزموونێکی گشتگیری لە شێوەی وڵاتداری لە ئێراندا بووە، تاڵیشییەکان وەک هەموو قەوم و قەبیلەکانی تری ئێرانی لە مێژوودا میوانداریی نەتەوەی تری ئێرانی و نەتەوەی کۆچکردووی تر بوون، کە هەندێ جاریش خۆشیان ناچار بە کۆچکردن بۆ ناوچە و شوێنانی تر بوون. کوردەکانی تاڵیش کە لە تیرەکانی نەژادی ئاریایی و ئێرانیی وڵاتی ئێرانی ئێستا هژمار دەکرێن و لەپاش زنجیرەیەک بڕیاردانی سیاسی و پێویستی سیاسی، لە نزیکەی 250 ساڵ پێش ئێستا لە خوراسانەوە بەره و تاڵیش و خەڵخاڵ کۆچیان پێ کرا، کە پاش ماوەیەک ئەزموونی ژیانی سەخت و هەڵکردن لەگەڵ تاڵیشییەکان و ئازەرییەکانی خاڵخاڵ، توانیویانە پێکەوەژیان بەردەوامی پێ بدەن و لەوێدا بژین، هەرچەندە ئەم پێکەوەژیان و هەڵکردنەی کوردان و هاتنەوەیان بۆ ئەم ناوچانە هەمیشە جێگای قسەی زیاتر بووە.
-کوردان و هاتنەنێو ناوچەیەکی نوێ:
داوێنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کێوەکانی تاڵیش، کە لە قۆناغەکانی پێش ئیسلام قەڵەمڕۆی کادۆسەکان و شوێنی ژیانی و ژیانەوەی ئەوان بوو، هێدی هێدی تووشی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و کولتووری بوو. بە هاتنە ناوەوەی هۆزە تورکەکان بەره و ئازەربایجان و جێگیربوونی ئەوان لەم سنوورە، داوێنی ڕۆژئاوای کێوەکانی تاڵیش کەوتە دەست تورکەکانەوە و تاڵیشییەکان لە داوێنی ڕۆژهەڵاتی سەرسەوز و نمداری ئەودا مانەوە، بەدوای شەڕەکانی ئێران و ڕووسیا و بەستنی ڕێککەوتننامەکانی (گوڵستان 1228ه.ق) و (تورکمانچای 1243ه.ق) ناوچەکانی باکووری تاڵیش و ئازەربایجان بە ڕووسەکان سپێردرا و لە ئەنجامدا بەربڵاوی و پچڕانێکی قەومی لەنێوان تاڵیشەکان و ئازەری زمانەکانی دوو لای سنوورەکە دروست بوو، بە هاتنە سەرکاری سەفەوییەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ئازەربایجان، تێکەڵاویی قەومی لەم سنوورەدا فراوان بوو و ژمارەی تورکەکانیش لەم سنوورە بەره و زیادبوون چوون، کە له و سەردەمەوە تا ئێستاکەش جگە لە ناوچە کوێستانییەکانی باشووری پارێزگای ئەردەبیل، یان ڕۆژهەڵاتی خەڵخاڵ کە بە زمانی ئازەری یان تاتی قسە دەکەن، زمانی تورکی لە زۆربەی ناوچەکاندا زاڵترە بەسەر نەتەوەکانی تردا.
-بوون و ئامادەیی کوردانیش لەم ناوچانە بۆ سەردەمی شاعەباس و نادرشای ئەفشاردا دەگەڕێتەوە، چونکە یەکەم شاعەباس بە قەناعەت پێکردنی گەورەکانی ئیلی کرمانج کە لقێکی گەورەی ویلایەتی گەورەی شکاک لە سنووری ئێران و عوسمانی بوون، لە ساڵی 1007ه.ق، دەستەیەک لەوانی بەره و ئازەربایجان و شاری ڕەی، واتە دەشتی (وەرامین و خوار)، کۆچ پێ کرد، کە نزیکەی 50 هەزار ماڵ لەم کۆچەدا بەشدارییان کرد و دوای دوو ساڵ مانەوە لە باشووری شاری ڕەی، ئەرکی ئەوەیان پێ سپێردرا تا لەبەرامبەر ئۆزبەگەکان بەره و خوراسان بڕۆن و لەم سنوورەدا نیشتەجێ ببن، کە لە ئەنجامدا ساڵی 1010ه.ق، نزیکەی 45 هەزار ماڵی کورد هاتنە نێو خوراسانەوە و لە ناوچە باکوورییەکانی ئەوێ نیشتەجێ بوون. جێگوڕکێ پێکردنی خێڵەکان و هۆزە عەشایرییەکان و کۆچپێکردنی ئەوان لە سەردەمی نادرشای ئەفشاریشدا بەدی دەکرێت، چونکە ئەویش لە ماوەی شەش ساڵدا (1736-1730) توانیی 50 تا 60 هەزار ماڵ لە خێڵەکانی ئازەربایجان و عێراق و عەجەم، فارس و 13هەزار لە هۆز و تایفەکانی هفت لنگ و چهار لنگی بەختیاری و 6 هەزار ماڵ لە تایفە گورجییەکان بەره و خوراسان کۆچ پێ بکات، کە لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە بوو ژمارەیەک لە کوردەکانی ئێلی شکاک کە پێشتر لەوێ نشێنرابوون و بە زەعفەرانلو ناسرابوون، بەره و گەیلان و مازەندەران کۆچ پێ بکات، ئه و کوردانەی کە لە قووچانەوە بەره و خەڵخاڵ و ناوچەکانی کوێستانی تاڵیش کۆچینرابوون، لە حەوت تایفەی گەورە بەناوەکانی (شاترانلو، خاڵتانلو، کلوکشانلو، هویرانلو، مونتانلو، نەسرانلو و دلیکانلو) پێکهاتبوون، کوردەکان سەرەتا لە باکووری قزل ئەوزەن لە بەرزاییەکانی تاڵیشدا نیشتەجێ بوون، کە (مارسێل بازن) لێکۆڵەری فەڕەنسییش بە پشتبەستن بە کولتووری جوگرافیایی ئێران لە ساڵی 1328ه.ق دەڵێت: کوردەکان لە چوار ناوچەی ناحیەی خەڵخاڵ لە باکووری قزل ئەوزەن پەڕش و بڵاو بوون و لە گوندەکانی ئەقباش، ئاغچەقشڵاق و ئەسفەرجان قسە و گوتنێک لە شێوازە قسەکردنێک بەناوی زمانی کوردییەوە بووە. ئه و هەروەها لە بەردەومیدا دەڵێت: نیشتەجێبووانی گوندەکانی (بونیاد ئاباد، گزور لنگ دشت، ئابلی، زاویەکورد، ئەلەنکش، ئیلوانق و ئەناویز لە باکووری خەڵخاڵ بە بەشێک له سنووری هۆزە کوردییەکان دەناسرێت، کە به گوتنێک ئەم هۆزانە ژیانی کوێستانی و گەرمێنییان بەپێی دۆخی ژیانیان هەبووە، کە لە ساڵەکانی 1300 تا 1320 بێ ئەوەی بنەچەی کولتووری قەومی و عەشرەتگەریی خۆیان لەدەست بدەن، بەتەواوی نیشتەجێ بوون و هەندێک گوند و ناوچەی بەربڵاو لە شێویەی ئارپاچای ژیانی گەرمێنی و کوێستانییان بەردەوامی پێ دا.
-گرنگترین سنووری کوردنشین لە ئێستادا، لە باکووری خەڵخاڵدایە و کە لە ناواخن و سەنتەری ئەودا کۆمەڵێکی 16 لادێی پێکدێت کە هەموویان لە تایفەی (شاترانلو و خاڵتانلو)ن، دووەمین سنووری کوردزمانیش لە چەند گوندێک لە کۆتایی باشووری خەڵخاڵدا دەبینرێت، کە لەنێوان گوندە تورکنشینەکان بە بنەڕەتی تاتزمانییەوە جێگیرن، کە ئەمانەش بریتین لە (جەعفەرئاباد، سجهورد و شێخ عەلی لو، ئەحمەد ئاباد و چملوگبین).
-ژینگەی ئابووریی کوردانی ناوچەی خەڵخاڵ:
تاڵیشییەکان هەر لەکۆنەوە خەڵکانێکی چێودار بوون و مەڕوماڵاتیان بەخێو کردووە، کە لەپاڵ ئەمانەشدا کشتوکاڵ و هەنگەوانیشیان کردووە، دوای ئەمانەش بە هاتنەخوارەوەیان لە کوێستانەکان لە ناوچە دەشتاییەکان، کشتوکاڵی برنجیش لە گیلەکییەکانەوە فێر بوون، کە ئەمەش ئەوانی بە دوو بەشی دەشتنشێن (برنجکار) و کێونشێن (مەڕوماڵات بەخێوکەر) دابەش کردووە، کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەنێوانیاندا ئەنجام دراوە.