سەنگاوی تەنیا نیت
📝 بەڵگەنامەکان
21ی شوباتی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت هێرش و هەڵمەتی ناوزڕاندن بەها باڵاکانی پەیامی راستی دەشێوێنێت و ئاو دەکاتە نێو ئاشی توندڕەوی.
ماوەیەکە هەڵمەتێکی ناشرینکردن و بوختان بۆ رۆژنامەنووسی دیار
رەنج سەنگاویرەنج سەنگاوی دەستیپێکردووە، هەندێکی دیار و زۆربەیشی هەڵمەتی خەڵک و پەیجی دەمامکدارن.
رەنج سەنگاوی دەڵێت: بۆ شەش مانگ دەچێ هەموو وزە و تینی بەرنامەکەمان خستووەتە خزمەت کرێنشینان و پێشمەرگە و مامۆستا و فەرمانبەرانەوە بۆ ئەوەی زەوییان پێبدرێت، کەسانێ کەوتوونەتە پڕوپاگەندە و قسەی ناشرین.
رەنج سەنگاوی ئاماژەشی بەوەدا کە لە سەروبەندی راگەیاندنی کەمپەینێکی گەورەی بۆ کەسوکاری شەهیدان، بەهەمان شێوە هێرشی توند کرایە سەر خۆی و کەمپینەکە.
پێشتریش لە پەیجە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی بوختان و ناوزڕاندن لە دژی چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و رۆژنامەنووسانی ژن راگەیەندرا.
لە قۆناغی جیاجیادا سەنتەری میترۆ ئەو هەڵمەتی سوکایەتی و ناوزڕاندنەی بەرامبەر بە چالاکوان و رۆژنامەنووسان شەرمەزارکرد و هاوپشتی خۆی بۆ ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە راگەیاند.
پێمانوایە هەموو کەسێک مافی خۆیەتی کاری هەر رۆژنامەنووسێک، یا کەناڵێکی میدیایی پێ باش یان باش نەبێت، مافی خۆیەتی رەخنە و توانجی لەسەر ئەو کارانەدا هەبێت، ئێمە ئەمە بە گرفت نازانین.
ئێمە گرفتمان لەگەڵ ئەو شێوازە لە گوتار و پۆست و هەواڵانە هەیە کە بەهەموو پێوانەیەک لە خەسڵەتە سەرەتاییەکانی کەشی راگەیاندنی فاشییانەیە دەچن.
قسەکردن لەسەر شەحنکردنی توندوتیژی و هەڵبەستنی درۆی شاخدار بەرامبەر بە میدیاکاران، بکەرانی پێ بزانن یان نەزانن، ئاو دەکاتە نێو ئاشی توندڕەوی.
هەڵمەتی دەمارگیری و توندڕەوی تۆقێنەر بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی، بەر لەوەی زیان بە کەسایەتی رۆژنامەنووس و چالاکوان بگەیەنێت، خەرمانی توندڕەویی هێرشبەران دەسووتێنێت،
درۆ و بوختانکردن و ناشرینکردنی جوانییەکانی خەڵک و بەبازاڕکردنی چەواشەکاری بەرلەوەی بەها باڵاکانی پەیامی راستی بشێوێنێت، ئاگر بەردەداتە پوش و پەڵاشی ناوبانگی ئەو کەس و لایەنانەی ئاو دەکەنە ئەو ئاشەوە.
بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر کە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و کەنالًی راگەیاندن سکاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆمارکردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلکاری لەو روداوانەدا تۆمارکراون
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.
تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان
21-02-2016