ئاسکەکانی دارستانی دووبز لە گەرما دەپارێزرێن
رووداو -
دووبزدووبز
لە دارستانەکانی قەزای دووبز 80 ئاسکی تێدایە و سەرپەرستیاری پرۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵی دارستانەکە ئاماژە بەوەدەدات، کاریان کردوو تا ئاسکەکان بپارێزن. باس لەوەش دەکات بەهۆی کەمی سەوزییەوە لە دەرەوەی دارستانەکە گەڵای داریان بۆ دێنن و لە گەرمای هاوینیش دەیانپارێزن.
لەنێویاندا کەڵە و مامزییان تێدایە، کەڵەکان لەدوای تێربوون شەڕی دەسەڵات دەکەن، ئەو ئاسکانە لەساڵی 2005ەوە لە روومادییەوە هێنراونەتە دارستانی دووبز، ئاسکەکان لەجۆری دەگمەنی ریمی کێویی عێراقین، ئەوکاتەی هێنرابوون تەنیا پانزە دانەبوون.
سلێمان مەنسوور، بەڕێوەبەری دارستانی دووبز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند پرۆژەی دیکە هەیە کە سەر بە دارستان و بیابانن، دەیانەوێ شوێنی ئاژەڵ بکەنەوە و ئاژەڵی کێویی بەخێو بکەن، بەشێکیان بردن بۆ خانەقین، ئێستا بەرنامەیان هەیە بیبەن بۆ خسێبە، ئێمە بووینەتە سەرچاوەی ئاسک، کاتی خۆی لەروومادییەوە بۆ ئێمەیان هێنا، ئێستا ئێمە لێرەوە دەینێرین.
کەمی فەرمانبەر و کێشەی دابیننەکردنی خۆراکی ئاسکەکان بەپێی پێویست گەورەترین ئەو کێشانەن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و مەترسین لەسەر داهاتوویان.
حوسێن محیەدین، سەرپەرستیاری پرۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەدارستانی دووبز گوتی کارمەندی تایبەتمەند بەم پرۆژەیەمان نییە، ئێمە وەک و پاسەوان و کارمەندان ناچارین ئەو کارانە بکەین، هەموو رۆژێک ئەو گەڵای دارەکان و جۆرێکی تایبەت کە پێی دەڵێن ئەڵفیا پێیان دەدەین.
ئاسکەکان لە دارستانی دووبز شوێنێکیان بۆ تەلبەند کراوە و پاسەوانی تایبەتیان هەیە، هەرکەسێکیش بۆ تەماشاکردن بچێتە سەردانیان رێگەی پێنادرێ لێیان نزیک ببێتەوە.
داستانی دووبز یەکێک لە گەورەترین دارستانەکانی باشووری کوردستان و عێراقە، رووبەرەکەی دوو هەزار و 799 دۆنمە و توانای لەخۆگرتنی هەموو جۆرە ئاژەڵێکی هەیە و تا ساڵی 2004یش جگە لەئاسک جۆری دیکەی ئاژەڵی لێبوو، بەڵام زۆربەیان لەناوچوون.
05-07-2017