رووداو- #هەولێر#
ژنێکی تەمەن 27 ساڵ، هەوێیە تەمەن 26 ساڵانەکەی دەداتە بەر چەقۆ و بەپەلە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، خۆیشی ڕادەستی پۆلیس دەکات.
(خ.ج) دایکی سێ کچە، بەهۆی چەند کێشەیەکەوە لەگەڵ هاوژینەکەی، دوو ساڵ لەمەوبەر دەچێتەوە ماڵی باوکی و ناگەڕێتەوە، (ه.ح)ی هاوژینیشی چەند جارێک داوا دەکات بگەڕێتەوە، بەڵام نایەتەوە و ئەویش منداڵەکان دەهێنێتەوە لای خۆی و لێی جیادەبێتەوە.
(ه) هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکە دەکات بەناوی (خ.ع)، هاوسەرگیرییەکەیان هەر لە سەرەتاوە کێشەی تێدەکەوێ، چونکە ماڵی هاوژینی دووەمی داوای پارە لە (ه) دەکەن و 15 هەزار دۆلاری لێوەردەگرن.
دوای نزیکەی ساڵێک، (خ.ج)ی هاوژینی یەکەمی (ه)، لە چەند کەسێکەوە گوێی لێدەبێتەوە کە ژنی دووەمی هاوژینەکەی پێشووی لەگەڵ سێ کچەکەی خراپە و لێیان دەدات، دەچێتەوە لای هاوژینەکەی و پێیدەڵێت ناڕۆمەوە و لەلای منداڵەکانم دەبم، بۆیە (ه) دیسان مارەی دەکاتەوە، بەڵام ماڵی باوکی (خ.ج) بەو کارە ڕازی نابن و دەڵێن دەبێت 20 هەزار دۆلارمان بدەیتێ، ئەگینا کچەکەمان دەبەینەوە و دەیکوژین، تۆش بەرپرس دەبی لە مردنی، هەر بۆیە (ه) ئەو بڕە پارەیەش دەداتە ماڵی باوکی (خ.ج) و کێشەکەی چارەسەر دەکات.
(ه) وەستای سپلیتە، لەگەڵ هەردوو هاوژینەکەی لە خانوویەکی 100 مەتریدا دەژین، بەڵام ئەم دوو هەوێیە بەیەکەوە ناگونجێن و بەردەوام کێشە و شەڕیانە، ئێوارەیەک ژنی دووەم لای هاوژینەکەی شکات لە ژنی یەکەم دەکات، بۆیە (ه) بۆکسێک لە چاوی (خ.ج) دەدات و چاوی شین دەکاتەوە، بەڵام ئەو هیچ کاردانەوەیەکی نابێت و چاوەڕوانی دەرفەتێکە بۆ تۆڵەکردنەوە لە (خ.ع) کە پێیوایە هۆکاری لێدانەکەی بووە.
بەیانیی ڕۆژی دواتر (خ.ج) چاوەڕوان دەکات تا (ه) دەڕواتە دەرەوە، ئینجا بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر هەوێکەی و 30 چەقۆی لێدەدات و هەموو گیانی خەڵتانی خوێن دەکات. (خ) بەپەلە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، ئێستا ژنی دووەمی (ه) لە نەخۆشخانەیە و ژنی یەکەمیشی لە زیندانە.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و بەبڕیاری دادوەر (خ.ج) کە هاوژینی یەکەمی (ه)یە، دەستبەسەرە و هاوژینی دووەمیشی لەژێر چاودێریی پزیشکدایە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
03-07-2017
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 4,840 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!