پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی ڕووداو لە مووسڵ
بەر لە دەستپێکردنی پەخشی تۆڕی میدیایی ڕووداو، وەک پەیامنێر وەرگیراوەو بەشداری خولی پەرەوردە و پێگەیاندنی پەیامنێرانی ڕووداوی کردووە لەلایەن ڕاهێنەرانی ئەوروپاییەوە.
پەیامنێری ڕووداوە لە هەولێر و دورووبەری.
زیاتر لە 1000ڤیتی، هەواڵ، سەدان ڕووماڵی ڕووداوە سیاسی، ئابووری، سەربازی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەنجامداوە.
رەنجە جەمال، بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ، یەکەم ڤیتی لە ڕاگەیاندنی کوردیدا لەسەر جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە دەشتی قەراج و سنوورەکانی نێوان پارێزگای نەینەوا، کەرکووک و سەڵاحەدین ئامادەکرد , دوای ئەوە تا کۆتایی شەری داعش وەک پەیامنێری جەنگ کاریکردووە.
لە 30ی ئایاری 2016 ڤیتییەکی مەیدانی لەسەر دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش لە سنووری گوندە کاکەییەکانی ڕۆژئاوای قەزای خەبات و چۆنیەتی دەرهێنان و خۆبەدەستەوەدانی دوو چەکدارەکە لەنێو تونێلێک لە ڤیتیەکەدا پیشاندا و، ئەو ڤیتییە لەلایەن زۆر کەناڵی جیهانی و کەناڵە ئەندامەکانی ئینێکس بڵاوکرایەوە.
لە مووسڵ بۆ ئامادەکردنی چەند ئەڵقەیەکی بەرنامەی (فۆکەس موسڵ)، هاوکاری شەهید شیفا گەردی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتی مەیدانی بۆ بەرنامەکەی لەبەرەی شەڕی موسڵ.
لە ماوەی کارکردنی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕاپۆرتەکانی هۆکاربوونە بۆ چارەسەرکردنی چەندان کێشەی تەندروستی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری کۆمەڵگە و خەڵک لە باشووری کوردستان.
لەلایەن تۆڕی میدیایی ڕووداوەوە نێردراوەتەوە وڵاتانی تورکیا، میسر، لوبنان، ئوردن و ناوەراست و باشووری عێراق بۆ ڕووماڵ و ئامادەکردنی ڤیتی و فیچەر، لەوانە ڕووماڵی کەرنەڤاڵی پشتگیری لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە ئەیلوولی 2017 لە بەیروتی پایتەختی لووبنان.
رەنجە جەمال، لە 9ی کانوونی دووەمی 1987 لە قەزای کۆیە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی زمانی عەرەبی کۆلیژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدینە لە ساڵی 2009-2010.
دەرچووی خوولی یەکساڵەی ڕاگەیاندنە لە پەیمانگای میدیای سەرجەخۆ لە کوردستان (i.m.c.k) لە ساڵی 2010-2011
لە ساڵی 2011 دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە کەناڵی ئاسمانی هەولێر و چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەک کاری کردووە.
رەنجە وەرزشوانە و لە ساڵی 1998 تاوەکو 2008 یاریزانی ئاستی لاوانی هەریەک لە یانەکانی ئاسۆ، هەولێر، ئاڵا، بروسک و هەڵبژاردەی بنکەی وەرزش و لاوانی هەولێر بووە. خێزاندارە و باوکی کوڕێکە بە ناوی (شا).#17-05-2020#