بەڕێوبەری شارەدێی #بیارە#، ڕایدەگەیەنێت، کە #ئێران# جدیی نییە لە بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزی شۆشمێ و بەهۆی بێ کارییشەوە ژمارەیەکی زیاتر لە گەنجان ڕوویان لەمەرزەکە کردووە بۆ کاری بازرگانی.
مەرزی شۆشمێ تاکە مەرزی نیمەچە فەرمییە لە سنوری ناوچەی #هەورامان#، کە لە نێوان ڕۆژهەڵات و #باشوری کوردستان# کە بەئاشکرا کاری بازرگانی تێدا بکرێت، زیاتر لە چوار ساڵیشە بەڵێن بە خەڵکی ناوچەکە دراوە بکرێتە مەرزێکی فەرمی، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: وەک ئیدارەی شارەدێی بیارە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی مەرزی شۆشمێ بکرێتە مەرزێکی فەرمی بۆ ئەومەبەستەش بە نوسراوی فەرمی پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجەمان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئەوەندەی زانیاریمان پێداربێت دەبێت هەردوولایەنی ئێرانی و عێراقی ئامادەیی دەرببڕن بۆ ئەوەی شۆشمێ بکەنە مەرزێکی فەرمی.
حەمید بارام
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێشتر حکومەتی ئێران زۆر جدیی بوو لەوبابەتەدا، بەڵام ئێستا ئەو جدییەتەی نەماوە.
بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە ئەوەشی وت: بەهۆی ئه و بێ کارییەی، کە ڕووی لە گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێم کردووە ماوەی چەند مانگێگە ژمارەیەکی زیاتر لە هاوڵاتیان و گەنجان ڕوویان لە مەرزی شۆشمی کردووە بۆ کاری بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا، بۆیە ئێمەش بارودۆخی هاوڵاتیانمان لەبەرچاو گرتووە و هەموو جۆرە ئاسانکارییەکیمان بۆ کردوون بۆ کاکردنیان لەمەرزەکەدا.
مەرزی شۆشمێ مەرزێکی نیمچە فەرمییە و دەکەوێتە شارۆچکەی #تەوێڵە#ی ناوچەی هەورامان کە لەڕێگەی ئه و مەرزەوە بەرهەمی کشتوکاڵیی و خۆڵی ئاسن و چیمەنتۆ و پێداویستی بیناسازی لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
28-06-2017