وەزارەتی دەرەوەی #ئەمریکا# ڕایگەیاند، گرووپی ڕێکخراو لەنێو شارەکانی #ئێران#ەوە ژنان، کچان و کوڕانی ئەو وڵاتە بە قاچاخ بەرەوە وڵاتانی ناوچە و ئەوروپا دەبەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە ئەفغانستان، #هەرێمی کوردستان#، پاکستان، ئیمارات و وڵاتانی ئەوروپایی، بازرگانی بە ژنان و کچانی ئێرانی دەکرێت و لە ساڵی 2009ەوە تاوەکو 2016 گواستنەوەی کچانی ئێرانی بۆ وڵاتانی کەنداو بەمەبەستی لەشفرۆشی زیاتر بووە.
واشنتن دەڵێت، حکومەتی ئێران دان بە کێشەی بازرگانیکردن بە مرۆڤدا نانێت و هەوڵی ڕێگریکردن لەو پرسە نادات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی ئێران هەوڵی بەرچاوی بۆ پێشگرتن لەو کێشەیە نەداوە. حکومەتی ئێران بەوە تۆمەتبارکراوە کە هیچ شوێنێکی دانەناوە تاوەکو قوربانییانی بازرگانی بە مرۆڤ پەنای بۆ ببەن و تەنیا ڕێکخراوی خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە ناوەندێکی بۆ ڕاوێژکردن و خزمەتگوزاری یاسایی و چاودێری تەندروستی قوربانییان کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی 2009ەوە تاوەکو 2016 گواستنەوەی کچانی ئێرانی بۆ وڵاتانی کەنداو بە مەبەستی لەشفرۆشی زیاتر بووە. ئاماژە بە شارەکانی تاران و تەورێز و ئاستارای ئێران کراوە کە تێیاندا کچانی خوار تەمەنی 19 ساڵان بە قاچاخ دەبردرێنە دەرەوەی ئەو وڵاتە.
لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باس لە دۆخی ئەفغانییەکانیش کراوە لە ئێران و تێیدا هاتووە، مێرمنداڵانی پەنابەری ئەفغانی لە ئێران مەترسی دەستدرێژی سێکسیان لەسەرە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە سوپای پاسداران و حکومەتی ئێران پیاوانی ئەفغانی ناچار دەکەن بچنە بەرەکانی شەڕ لە سووریا و ئەگەر ئەو کارە نەکەن هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و گەڕاندنەوە بۆ ئەفغانستانیان لێدەکرێت.
28-06-2017