پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانحیزبی دێموکڕاتی کوردستان به بەشداریی سەرجەم ئەندامانی ئەسڵی و جێگر و راوێژکارانی رێبەری له رۆژانی 20 تا 22ی جۆزەردانی 1396ی هەتاوی (10 تا 12ی ژووئەنی 2017ی زایینی) بەڕێوه چوو و پاش سێ رۆژ کاری بەردەوام به سەرکەوتوویی کۆتایی به کارەکانی خۆی هێنا.
دوای ساتێک وەستان بۆ رێزگرتن له بیرەوەریی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و پەسندکردنی دەستووری کاری پلینۆم، بڕگەی یەکەمی کارەکانی پلینۆم که تایبەت بوو به تاوتوێی گرینگترین بابەته سیاسیەکانی ئەم دواییانه و ئێستا دەستی پێ کرد.
له سەرەتای ئه و بەشەدا هاوڕێی تێکۆشەر کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب راپۆرتێکی سیاسیی پێشکەش کرد که لەودا وێڕای وەبیرهێنانەوەی چوارچێوەی گشتیی روانینیی حیزب بۆ مەسایلی نێودەوڵەتی و ناوچه و پارچەکانی کوردستان، گرینگیی زیاتر بە چەند پرسێکی دیاریکراو درابوو که له ماوەی نێوان دوو پلینۆم و له کاتی گرتنی ئەم کۆبوونەوەیەدا هاتوونه پێش و بۆ سیاسەتسازیی حیزبی دێموکڕات و بارودۆخی خەبات له رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی تایبەتیان هەیه. کۆی ئەم راپۆرتەش به را و سەرنجی بەشدارانی پلینۆم دەوڵەمەندتر کرا و وەک روانگەی رەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەم پرسانه فۆرمووله کرا.
گرینگترین بابەتەکانی نێو راپۆرتەکه و روانگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ ئەم بابەتانه به شێوەی خوارەویه:
1/ له پێوەندی لەگەڵ دوایین هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووڕاکانی ئێراندا، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له ده ساڵی رابردوودا (هەر وەک پێشتریش)، لەگەڵ ئەوەدا که ئەوەی به ناوی هەڵبژاردن له ئێراندا بەڕێوه دەچێ به هیچ پێوەرێک به گونجاو لەگەڵ ستانداردەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکڕاتیک نازانێ، بەڵام نەیویستووه به روانینێکی یەکدەست و پێشتر قالبکراو مامەڵە لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنەکان بکا و ئەگەر له بڕگەیەکدا پێی وابووبێ که دەرفەتێک بۆ نیشاندانی قورسایی و داواکانی خەڵکی کوردستان هەیه، به پێویستی زانیوه به کار ببرێ و رێژیمی پێ به چالش بکێشرێ. بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجاره به لەبەرچاوگرتنی کارنامەی حەسەن رووحانی و باس و خواسەکانی نێو هەڵمەتی هەڵبژاردن، حیزبی ئێمه له و باوەڕەدا بوو که هیچ هۆکارێک بۆ نیشاندانی رێگای بەشداری له و هەڵبژاردنەدا به خەڵک له گۆڕێ نیه. هاوکات، بەهۆی زەمینەیەک له کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی که لەنێو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست ببوو و سەرەڕای جیاواز بوونی سروشت و جەزابیەتی هەڵبژاردنی شووڕاکان بۆ خەڵک، حیزبی ئێمه هاوشان لەگەڵ پارتەکانی دیکەی رۆژهەڵات هەڵبژاردنەکانی بایکۆت کرد.
بەلەبەرچاوگرتنی وەزعیەتی تایبەتیی خەڵک له ئێران که هێندێک کۆت و بەندی ئیجباری به پرۆسەی هەڵبژاردنیان دەبەستێتەوه، هەروەها ئەوه که بایکۆت یارمەتیی به بەزاندنی زۆر له هێڵه سوورەکانی کەمپەینی کاندیداکانی سەرکۆماری کرد و بەپێی ئامارەکانی خودی رێژیم رێژەی بەشداری نەکردنی خەڵک له کوردستان لەچاو سەرجەم ئێران جێگای سەرنجه و رێژەی دەنگه باتڵەکانیش زۆر بوو، ناکرێ بڵێین هەڵوێستی بایکۆت به تەواوی بێ وڵام و بێ بەرهەم بووه. له هەمووی ئەوانەش بۆ ئێمه گرینگتر ئەوەیه که جیا له گۆشەنیگای بارودۆخی خەڵک له ناوخۆ، له و شوێنەدا که هێزەکانی رۆژهەڵات زەمینەی یەکدەنگی و هاوخەباتییان لەنێواندا هەیه پێویسته یارمەتی به گەشەکردن و بەرهەمدار کردنی وەها زەمینەیەک بکرێ. بەڵام هەر له و کاتەدا پلینۆم ئیشارەی به کەموکوڕییەکانی هاوهەڵوێستیی هێزه سیاسییەکانی رۆژهەڵات چ لەبواری خوێندنەوەی وردتری بارودۆخی ناوخۆی وڵات و چ لەپێوەندی لەگەڵ مێکانیزمی بەدواداچوون و بەکردەیی کردنی ئەم هاوهەڵوێستییەدا کرد و له و باوەڕەدا بوو که له هەلومەرجی ئێستادا کۆدەنگی و یەکڕیزیی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵات له ریزی ئەولەوییەتەکاندایه و شیاوی ئەوەیه که ئەگەر پێویست بوو حیزبی ئێمه لەپێناویدا هێندێک جار چاوپۆشی له تایبەتمەندیی روانینەکانی خۆیشی بکا، بەڵام هەڵوێستی هاوبەش پێویسته لەسەر روانینی هاوبەش بنیات بنرێ و هەموو لایەنەکان وێڕای دۆزینەوەی مێکانیزمی راستەقینەی کاری هاوبەش، وەکیەک یارمەتی به لێک نزیک بوونەوەی خوێندنەوەکان بکەن.
2/ لەپێوەندی لەگەڵ چڕبوونەوەی فشارەکانی ئیدارەی دۆنالد ترامپ بۆ سەر ئێران که کێشەی قەتەر بەرهەمی راستەوخۆی ئه و ئاقاره تازەیەیه، حیزبی ئێمه هەر چەشنه فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی که ببێته هۆی کورتکردنەوەی دەستی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی له ناوچەدا (شتێک که رێژیم هەمیشه وەک باشترین دەستەبەری مانەوەی خۆی و درێژەکێشانی داخران و سەرەڕۆیی بەکاری بردووه)، به شتێکی باش دەزانێ. هەر له و کاتەدا، وێڕای هیوادار بوون بەوه که ئاجێندای نێودەوڵەتی تەنیا له خانەی ئەمنیەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوه بۆ ئێران و رەفتاری کۆماری ئیسلامی نەڕوانێ و گۆڕینی رەفتاری ئه و رێژیمە له بەهێزبوونی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانیشدا ببینێ، ئێمه له و باوەڕەداین که بزوتنەوەی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان پێویسته پێش هەموو شتێک خۆی بەهێز و یەکگرتوو بکا و به یەکگرتووییش هەوڵ بدا که سەرنج و روانینی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی وەک فاکتەرێکی گرینگی ئایندەی ئێران و ناوچە رابکێشێ.
3/ سەبارەت به هێرشەکانی رۆژی 17ی جۆزەردانی تاران بۆ سەر باڵەخانەی مەجلیس و دەوروبەری گۆڕی خومەینی و ئاشکرا بوونی ئەوە که بەشێک له بەڕێوەبەرانی ئه و کردەوه تێرۆریستیانه کوردزمان بوون، حیزبی ئێمه لەگەڵ ئەوەدا که بۆخۆی به دەیان و سەدان جار قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بووه، بەڵام تێرۆریزم له هەر شکڵ و شوێنێک وەک کارێکی نائینسانی و مەحکووم چاو لێ دەکا. هاوکات ئێمه لەسەر بەرپرسایەتیی خودی رێژیم له دروستبوونی زەمینەی بەڕێوەچوونی ئه و هێرشانه پێ دادەگرین. کۆماری ئیسلامی نزیک به دەهە و نیوێکه که هەم به مەبەستی لێدانی حزووری هێزەکانی ئەمریکا له عیراق و دواتریش له چوارچێوەی یاریی گوماناویی خۆی له قەیرانی سوریەدا و هەم وەک کارتێکی دژایەتیی وەدیهاتنی خەونەکانی کورد بەگشتی و لاوازکردنی بزوتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵگێڕانەوەی لاوانی کورد له هەستی نەتەوایەتی، دەرفەتی هەڵدان و گەشەکردن و چالاکیی تێرۆریستیی گرووپه سەلەفی و تەکفیرییەکانی پێک هێناوه. تەنانەت پاش ئه و راپۆرتەش که سێ ساڵ لەمەوبەر حیزبی ئێمه سەبارەت به چالاکیی ئازادی ئەندامانی داعش لە هێندێک شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاومان کردەوه و لەوێدا تەنانەت ناوی یەکێک له ئەنجامدەرانی هێرشەکانی تاران هاتبوو، چاوپۆشی و رێگەپێدانی بەئەنقەستی چالاکیی ئەم گرووپانه هەروا درێژەی هەبووه بەلەبەرچاوگرتنی ئەوه که ناوچەی هەڵدان و چالاکیی ئەم گرووپانە به توندی لەژێر چاوەدێریی دەزگا ئەمنیەتییەکانی رێژیمدا بووه، ناکرێ ئه و دەزگایانه ئاگاداری ئەگەری بەڕێوەچوونی ئه و هێرشانه نەبووبن، ئه و جیا لەوه که کات و ساتی بەڕێوه چوون و شێوازی باسکردن و مامەڵه لەگەڵ ئەم هێرشانه لەلایەن کاربەدەستانی رێژیمەوه به گومانەکان زیاد دەکەن.
له کاتێکدا که فشاره نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی له کەنداو له جاران زیاتر چڕبوونەوه و هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئێرانیش بوونه دەرفەتی بەزاندنی کۆمەڵێک هێڵی سوور، رێژیم و بەتایبەتی ناوکی سەرەڕۆیی لەم هێرشانه بۆ ئەوه کەڵک وەردەگرێ که هەم بەڕووی جیهانی دەرەوەدا خۆی وەک قوربانیی تێرۆریزم نیشان بدا، هەم کۆنتڕۆڵی قایمتری فەزای سیاسیی ناوخۆی ئێراندا بکا. له هەمووی گرینگتر و هەستیارتر بۆ ئێمه وەک گەلی کورد ئەوەیه که رێژیم جیا لەوە که تێدەکۆشێ گرژی و ناتەبایی لەسەر بنەمای مەزهەبی لەنێو خەڵکی کوردستاندا دروست بکا، هەوڵیش دەدا بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردستانیش به تێرۆریست نیشان بدا و له و دەرفەته بۆ رووشاندنی روخساری کورد و سەرکوتی زیاتر چالاکانی سیاسی و مەدەنی کەڵک وەردەگرێ. هەمووی ئەمانه وا دەکەن که هێز و بژاردە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان به حیکمەت و یەکگرتوویی و بەرپرسیارییەوه مامەڵه لەگەڵ دۆخەکه بکەن و پیلان و نیازەکانی رێژیمیش لەلای بیروڕای گشتیی ئێرانی و نێونەتەوەیی لەقاو بدەن.
4/ لەپێوەندی لەگەڵ ساغبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کورد له باشووری کوردستان لەسەر بەڕێوەبردنی رێفراندۆمی سەربەخۆیی، کۆمیتەی ناوەندی وێڕای دەڕبڕینی خۆشحاڵی و پێشوازی له یەکدەنگی و یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئه و پرۆسەیه به بنیاتنراو لەسەر مافی رەوای کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و به ئاکامی سروشتیی رەوتێکی دوور و درێژ له نەخوێندنەوەی کورد له ئاستی ناوەندیی عیراق و جێبەجێ نەکردنی پرەنسیپەکانی رێککەوتن و هاوبەشی له بەڕێوەبردنی عیراقدا چاو لێ دەکا. حیزبی ئێمه پیرۆزبایی و پشتیوانی له ئیرادەی کورد له باشووری کوردستان دەکا و هیواداری دەردەبڕێ که نەتەوەکەمان له باشووری کوردستان به هەموو رێگایەکی پێویست و بەتایبەتی لەرێگای یەکخستنی زیاتری ناوماڵی کورد رووبەڕووی چالشەکانی بەرێوه بردنی ریفراندۆم و قۆناغەکانی دوای ریفراندۆم ببێتەوه.
بڕگەی دووەمی کارەکانی پلینۆم بۆ باسی چالاکتر کردن و رێکخستنی زیاتری تێکۆشان و کاروباری حیزب دیاری کرابوو. له و بەشەدا گەڵاڵەیەک که پلانی کار و کۆمەڵێک پرەنسیپ بۆ تێکۆشان و کاروباری لەمەودوای حیزبی تێدا هاتووه، پاش گفتگۆ و تێبینیی بەشدارانی پلینۆم بۆ جێبەجێکردن به پەسند گەیشت.
له بەشێکی دیکەی کارەکانی پلینۆمدا پرسی نێوان دێموکڕاتەکان و پرۆسەی یەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات هاته بەر باس. له و بەشەدا پاش راپۆرتی دەفتەری سیاسی سەبارەت به ناوەرۆک و ئاکامی دوایین گفتگۆکانی نێوان دوو لایەن، رێبەریی حیزب سەرنج و تێبینییەکانی خۆی له و پێوەندییەدا دایەوه دەفتەری سیاسیی حیزب و چوارچێوەی روانینی حیزبی بۆ دیالۆگێکی بەرهەمدار و یەکگرتنەوەیەکی راستەقینه دیاری کرد.
دوایین بەشی کارەکانی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بریتی بوو له باسکردن له کۆمەڵێک پرسی نێوخۆیی و تەشکیلاتی. له و بەشەشدا پاش گفتگۆیەکی دەوڵەمەند، پلینۆم به بەرپرسیاری و یەکدەنگییەوه ئاکامی پێویست و بڕیاری گونجاوی لەسەر وەرگرتن.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
23 ی جۆزەردانی 1396 (13ی ژووئەنی 2017)
13-06-2017
⚠️ Этот пункт был написан в (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) языке, нажмите на значок
, чтобы открыть элемент на языке оригинала!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!|
📷 Фото файл |
1.0.1 | 73 KB |
| |
Jun 28 2017 7:49PM | Evîn Îbrahîm Fetah |