ئاماری سلێمانی: ترس هەیە یەکە نیشتەجێبونەکانی هەژاران بەرەو کاولی بڕوات
📊 ئامار و راپرسی
بەڕێوەبەرایەتی ئاماری
سلێمانیسلێمانی رایدەگەیەنێت، قەیرانی دارایی تەواوکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بە هەژاران و کەمدەرامەکاتی راگرتووە و دەشڵێت، پێنج هەزار یەکە ترسی کاولبونیان لەسەرە.
مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند، لەسنوری پارێزگای سلێمانی زیاد لە پێنج هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە خانو و شوقە کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە کە 564 شوقە لەناو سلێمانی دراوە بە کرێنشینان و سێ هەزار شوقە و خانوشمان ئامادەبوو بۆ دابەشکردن، بەڵام لەگەڵ دروستبونی قەیرانی دارایدا پڕۆژەکان راوەستان.
وتیشی بیناکان تەواوبون، بەڵام پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نەکراون وەک ئاو و ئاوەڕۆ کارەبا و رێگاوبان بۆیە دابەشکردنیان دواکەوتووە. ئەوەشی وت، ناوی سودمەندان لای ئێمە بەپێی ئەو فۆڕمەی پڕیانکردۆتەوە ئامادەن.
لەناو قەزاو ناحیەکانیشدا دوو هەزار یەکە لە چەمچەماڵ و شارەزور و هەڵەبجە و دەربەندیخان و رانیە و پشدەر هەن و کارکردن تیایاندا راوەستاوە.
پەرلەمانی کوردستان لەساڵی 2011 یاسای ژمارە 16ی پەسەندکرد کە بەپێی ناوەرۆکەکەی ساڵانە 250 ملیار دینار لە بودجەی حکومەت تەرخاندەکرێت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێکردن بۆ هەژاران، بەڵام یاساکە پشتگوێخراوە.
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ئەوەشی راگەیاند ئێمە ترسمان لەوە هەیە ئەو یەکانە بەرەو کاولی بڕۆن گەر بەزویی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بۆ نەکرێت و دابەشنەکرێت.
سێ هەزار یەکە نیشتەجێبونەکەی ناو شاری سلێمانی دەکەونە ناوچەکانی سیتەک و زڕگوێز و کەڵەوانان.
26-06-2017