لەبلۆگی خۆیانەوە:
لە ساڵی 2005 دا، لە شاری کەرکووک-کە دانیشتوانەکەی فرەڕەگەزن- دەستمان کرد بە چالاکییەکانمان و هەر و لەو شارەشدا یەکەمین بنکەی خۆمان بۆ یارمەتیدان و ڕاهێنانەوەی قوربانییانی ئەشکەنجە کردەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، توانیومانە ژمارەی بنکەکانمان لە کوردستاندا بگەیەنینە 8 بنکە، کە تیایاندا تا ئێستا (20000) ژن و پیاو و منداڵان یارمەتییان پێشکەش کراوە.
ئەوانەی یارمەتییەکانی ئێمە وەردەگرن
هەموو ساڵێک، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ یارمەتی هەزاران کەسی ماف پێشێلکراو دەدات. بەگشتی، %50 ی ئەوانەی یارمەتی دەدرێن ژنانی پێگەیشتوون، لە %30 یش منداڵان و هەرزەکارانن. زۆرینەی ئەوانەی ڕوومان تێدەکەن، کوردن، دوای ئەوانیش عەرەب و ئاشووری و تورکمانەکانن.
پرۆگرامەکانمان
دەزگای ژیان، ڕاهێنانەوەی جەستەیی و زیهنی و دەروونی و کۆمەڵایەتی –وەک دووبارە گەڕاندنەوەی قوربانییان بۆ ناو کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش بە خوددی و قوربانییان و ئەندامانی تری خێزانەکانیان دەکات، ئەویش لەڕێی دابینکردنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی و ڕاوێژی کۆمەڵایەتی و یاساییەوە. سەرەڕای ئەمانەش، لەڕێی ڕاهێنانی پێویست و باسکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سیستمی پەروەردەدا، هەروەها هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە بەرامبەر مافەکانیاندا، دەزگای ژیان یارمەتی ئەو کەسانەش دەدات کە ڕابروودا مافیان پێشێلکراوە، هەروەها کاردەکات بۆ ڕێگرتن لەڕوودانی توندوتیژی لە داهاتووشدا. پرۆگرامەکانمان بۆ سەر شەش بواری جیاواز دابەش دەبن:
پرۆگرامی تایبەت بە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە
پرۆگرامی تایبەت بە قوربانییانی جینۆساید
پرۆگرامی تایبەت بە پەناهەندە و ئاوارەکان
پرۆگرامی تایبەت بە ژنان و کچان
پرۆگرامی تایبەت بە منداڵان و هەرزەکاران
پرۆگرامی تایبەت بە دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی
جۆراوجۆریی پرۆگرامەکانمان فراوانی کار و چالاکییەکانمان دەسەلمێنێت. ئێمە (ئەزموون)مان کردووەتە بناغەی کارەکانمان و ڕاهێنانەوەی تاک و خێزان و کۆمەڵگامان خستۆتە پێش کارەکانی ترمانەوە چونکە ئەو کۆمەڵگایانەی ڕووبەڕووی کارەسات و سەرکوتکردن دەبنەوە، ڕاهێنانەوەی ئەو کەسانەی لە سەرەوە ناوبران هەنگاوێکی گرنگە لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئارامدا.
شێوازی کاری ئێمە
دەزگای ژیان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پێشکەشکردنی باشترین یارمەتی و پشکنین و چارەسەری جەستەیی و دەروونی بە ئەوانەی ڕووی تێ دەکەن. بۆ سەرکەوتن لەم کارەشدا، دەزگاکە پشت دەبەستێت بە شارەزا و چارەسەرکار و ڕاوێژکارە ناوخۆییەکان کە بەبەردەوامی بەشداری دەکەن لە سیمینار و خولی تایبەت لە بواری هاوکاریکردنی قوربانییانی کارەساتە جیاجیاکاندا. بۆیە بە هاوکاریی ستافە شارەزاکەمان، چارەسەر و پشکنینی پێوست و گونجاو لەڕووی کلتوورییەوە پێشکەش بەو کەسانە دەکەین کە سەردانمان دەکەن. ئەندامانی ستافەکەمان بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ سەردانکەراندا ناکەن کە وایان لێبکەن هەست بە کەمی بکەن، بەڵکو بەرێزەوە بەخێردەهێنرێن و هانیش دەدرێن کە بەشدارییەکی چالاکانە لە پرۆسەی ڕاهێنانەوەیاندا بکەن.
کارمەندەکانمان
پرۆگرامەکانی دەزگای ژیان لەلایەن تیمێکی گەنجەوە ڕادەپەڕێندرێن کە ژمارەیان زیاتر لە 130 کەسە و زۆربەیان دوو زمان یان زیاتر دەزانن. ستافەکەمان لە عێراق پێکهاتووە لە پزیشک، دەروونناس، چارەسەرکاری سروشتی، توێژەری کۆمەڵایەتی، مامۆستا، پارێزەر، توێژەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکان. مەبەستمانە بەلایەنی کەمەوە %40ی ستافەکەمان کارمەندی ژن بێت. هەموو کارمەندەکان دەبێت ژیاننامەیەکی پاکیان هەبێت و لە ئێستا و ڕابردوودا لە هیچ پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ یان توندوتیژیدا تێوەنەگلابن.