#حکومەتی عێراق# بڕیارێکی تازە لە بارەی پێدانی قەرزی نیشتەجێبوون و خانووبەرە دەردەکات و پەرلەمانتارێکیش ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە وەک هاوڵاتی لە#هەرێم# قەرزەکەیان وەرگرتووە و لەسەر میلاکی حکومەتی عێراقی لە هەرێم دەوام دەکەن.
نزیکەی ساڵێک بەر لەئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بڕی 30 ملیۆن دینار وەک قەرزی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەرانی سەر میلاکی حکومەتی عێراقی بدرێت، بەڵام بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانەی نەگرتەوە کە لە هەرێم سوود مەندبوون.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دراوە و هەردوو بانکی ڕافیدەین و بانکی ڕەشید بڕی پارەکە دەدەنە فەرمانبەران.
وتیشی ئەو بڕیارە هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە جا لە ناوەوەی عێراق بن یان لە سەفارەتەکانی عێراق لە وڵانی دەروەی عێراق یا لە هەرێمی کوردستان بە مەرجێک لەسەر میلاکی حکومتی عێراقی بێت.
لەبارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە هەرێمی کوردستان قەرزی پێشینەی خانووبەرەیان وەرگرتووە بەڵام فەرمانبەری حکومەتی عێراقن، عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دواڕۆژ ڕوونیکردەوە، بەر لە قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکردبوو کە هاوڵاتیانیش بۆیان هەبوو قەرزی پێشینەی خانووبەرە وەربگرن، بەڵام ئەم هاوڵاتیانە لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق فەرمانبەر بوون.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی وەک هاوڵاتی لە هەرێم پێشینەکەیان وەرگرتووە بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی ناوەندی دەتوانن وەک فەرمانبەر لەسەر میلاکی حکومەتی ناوەندی لەوەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون و پێشینەی خانووبەرە سودمەند بن.