رێکخراوەکانی بواری ژنان و لایەنە چاودێرەکان، دووپات لە هەڵکشانی ڕێژەی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی نایاسایی لە کوردستاندا دەکەنەوە. بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا دەزانن حاڵەتەکە زیادی کردووە، بەڵام داتایەکی فەرمییان لەوبارەیەوە نییە.
هەوار محەمەد یەکێک لەو ژنانەیە گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگا ئەنجام نەداوە و ئێستە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە. ئەو بەوشە دەڵێ، ژنی دووەمی هاوسەرەکەم بووم، چونکە لە دادگا ژنی دووەم مارە ناکرێت، لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیریمان کرد، بەڵام بەهەر هۆکارێک جیابووینەوە و لە دادگاش نەمتوانی داوای مافەکانم بکەم.
هەوار هاوشێوەی چەندان ژنی تر کە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییان کردووە و لە چەندان مافی یاسایییان بێبەش بوون.
محمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بۆ وشەی ڕوونکردەوە، هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا هۆکارێکە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، چونکە پیاوان لەزۆر حاڵەتدا کە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییان لەگەڵ ژنێک کردووە، بەردەوام پێشێلکارییان بەرامبەر کردووە و بە ئارەزووی خۆشیان لێیان جیابوونەتەوە، چونکە بێباک بوون بەرامبەر بە یاسا.
گۆمەشینی دەڵێ، ئەو حاڵەتە لەکوردستان زیادی کردووە، زۆرینەی حاڵەتەکانیش هاوسەرگیریی خوار تەمەن 18 ساڵ و هێنانی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمە لە دەرەوەی ڕێوشوێنە یاسایییەکان، ئەو هاوسەرگیرییانە زیاتر لەگەڵ ئافرەتانی ئاوارە و پەنابەردا دەکرێن.
لەبەرئەوەی گرێبەستەکە لە دادگادا ناکرێت، لەو حاڵەتەدا پێشێلکاری زۆری مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە ژنەکە دەکرێت، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ کۆتاهێنان بەو جۆرە هاوسەرگیرییانە گۆمەشینی وای گوت.
شیلان جەعفەر جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ وشەی دووپات کردەوە، حاڵەتەکانی هاوسەرگیری نایاسایی لە دەرەوەی دادگاکاندا هەڵکشاون، بۆنموونە، دادگا ڕێگە نادات پیاو ژنی دووەم بێنن بە چەند مەرجێک نەبێت، ئەوەش وا دەکات پیاوان لە دەرەوەی دادگا و بە نایاسایی کارەکە بکەن.
هاوکات کوردە عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ژنان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ وشە ئاماژەیدا، لەبەرئەوەی هاوسەرگیرییەکان نایاسایین و لە دەرەوەی دادگاکاندا بەڕێوە دەچن، نەمانتوانیوە داتا و ئامارێکی وردمان لەورووەوە دەست بکەوێت، بەڵام ئەوەی دەزانین لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا حاڵەتەکە زیادی کردووە.
زیاتر دەڵێ، ئەو هاوسەرگیرییانە زۆربەیان ئەو پیاوانەن کە ژنی دووەم و سێیەم دێنن بەبێ ڕەزامەندی ژنی یەکەم،یان هاوسەرگیریی خوارتەمەن 18ساڵ،بەڵام ئەوانەی لە ساڵی 2016دا ژنی دووەمیان هێناوە و لە دادگادا گرێبەستیان کردووە، لە شاری هەولێر 42 حاڵەت،لەشاری دهۆک 11حاڵەت و تائێستەشئاماری پارێزگای سلێمانیمان بەدەست نەگەیشتووە.