ترێ کچێکی /27 ساڵ/ دانیشتووی هەولێرە، دەرچووی بەشی کارگێڕی زانکۆی صەڵاحەدینە، دوای ئەوەی زانکۆ تەواو دەکات و دانامەزرێت، هەوڵ دەدات لە شوێنێکی ئەهلی کار بکات، بۆیە لە کۆمپانیایەک وەک سکرتێر دەستبەکار دەبێت، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەیەوە، بە چەندان شێوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر.
ترێ کە هیوای بەوە بووە لەڕێگەی ئەو کارەیەوە، هەم یارمەتی ماڵەوە بدات و هەم داهاتێکی باش بۆ ژیانی خۆی مسۆگەر بکات و ماستەر بخوێنێت، بەڵام چاوچنۆکی بەڕێوەبەرەکەی، هیوابڕی دەکات و ناهێڵنی وەک مرۆڤێکی ئاسایی بۆ ئاسۆی ڕوونی داهاتووی خۆی بڕوانێت.
هیچ کەس بەو ئازارە گەورەی ترێ نازانێت، نە ئاگاداری ئەو ژیانە زەحمەتەیە کە تێیدایە، باسکردنی کێشەکەیشی هێندە ئاسان نەبوو، دوای دڵنیاکردنەوەی لەوەی ناو و ناونیشانی پارێزراو دەبێت، ئه و کچە گەنجە دەردی دڵی خۆی بۆ وشە خستە ڕوو.
ساڵێک بەبێ کاری دانیشتم، لە ماڵەوە بێزار ببووم، باری ئابووریشمان باش نەبوو، بۆیە بریارم دا کار بکەم، زیاتر لە پێنج مانگ بەدوای کاردا گەڕام تا لەڕێی هاوڕێیەکمەوە لە کۆمپانیایەک وەک سکرتێر قبوڵ کرام بە مووچەی 500 هەزاری مانگانە، دوای دوو مانگ بەڕێوەبەرەکەم بۆی کردم بە 800 هەزار، بەدوای ئەوەدا هەستم کرد (عیسا) کە بەڕێوەبەرم بوو زۆر جیاواز مامەڵە دەکات، بەڵام هەمیشە دەیگوت تۆ زۆر بەتوانا و لێهاتووی بۆیە زۆر جێی گرنگیپێدانی ئەمانە بەشێکن لە گوتهکانی ترێ.
ئه و کچە کە بەهۆی کارەکەیەوە دنیایەک خەیاڵی خۆشی بۆ داهاتووی خۆی لا دروست بووە، ماوەی شەش مانگ کار دەکات بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسدا هەبێت، دواتر دەبێت بە بەڕێوەبەری کارەکانی عیسا. وەک خۆی دەڵێ، لە ماوەی کارکردنم دەمویست لە عیسا دووربم، چونکە هەستم باشی پێم نەدەگوتم لەبارەی ئەو، بەڵام ئەو لە هەر دەرفەتێکدا زیاتر لەخۆی نزیکی دەکردمەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی هەرچی لەناو کۆمپانیا دەکرا دەبوایە بە ئاگاداری من و ئەو بێت.
ئەم خۆدیزینەوە و خۆگونجاندنە دوای ساڵێک لە کارکردن و زیادکردنی بەردەوامی مووچەی ترێ، دەبێت بە پێوەندی خۆشەویستی لە نێوان بەڕێوەبەر و بچووک و گەورەکەدا. ترێ ئەوە ناشارێتەوە کە هەموو شتێکیان پێکەوە بووە عیسا زۆر هۆگری خۆی کردبووە، بەڵێنی پێدام هاوسەرگیریم لەگەڵ بکات و لقێکی کۆمپانیاکەی لە تورکیا بۆ من بکاتەوە، بەڵام لە دوایدا هەموو شتێکی پێچەوانە کردەوە.
عیسا تەمەنی 65 ساڵە، خاوەنی پێنج منداڵە و دووجار هاوسەرگیری کردووە، ئێستا لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا لە تورکیا دەژین. ترێ ئەوەیی زانیوە کە عیسا خاوەن ژن و منداڵە، بەڵام بەڵێنە برققەدارەکانی مەستی کردووە و هەموو شتێکی لەبیر بردووەتەوە،. خۆی وا گوزارشتی دەکات بەرچاوی تاریک کردم.