شۆفێران و ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکان 100 ملیار دینار قەرزدارن
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆ، زیاتر لە 100 ملیار دینار پارەی غەرامەی هاتوچۆ لای شۆفێران و ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکانە و وەزارەتی ناوخۆش رێنماییەکی نوێی لەبارەی پێدانی غەرامەی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست دەرکردووە.
لیوا رزگار عەلی، بەڕێوبەری هاتوچۆی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند بۆ زیاکردنی باج و غەرامە، ئه و شۆفێرانەی غەرامەی هاتوچۆیان هەیە و نەیانداوە، تاوەکو غەرامەکەیان بۆ بکرێت بە قیست، دوای تەواوبوونی رێوشوێنەکان دەبێت شۆفێران بچن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و داوابکەن پارەی غەرامەکەیان بە چەند قیستێک بدەنەوە.
لیوا رزگار عەلی، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی شارەکان لە هەوڵی بە ئەلیکترۆنکردنی سیستمی وەرگرتنی قیستی مانگانەی ئۆتۆمبێلن و دوای تەواوبوونی رێوشوێنەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، ئاشکراشیکرد، ئه و بڕیارەی پارساڵ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکرابوو لە بارەی پێدانی غەرامەی هاتوچۆ بە قیست رایانگرتووە و لەئێستادا کاری پێناکرێت، کار بە رێنمایی نوێ دەکرێت.
سەبارەت بە شێوازی پێدانی قیستەکە، ناوبراو روونیکردەوە، بڕی پارەکە دیار نییە مانگانە چەندە، بەڵام هەر شوفێرێک دوای ئەوەی داوای پێدانی پێبژاردنی مانگانە دەکات بەشێوازی قیست، تەواوی ئه و غەرامەیەی لەسەریەتی دابەشی 12 مانگ دەکرێت، واتە دەبێ قیستەکه لەماوەی ساڵێکدا بدرێتەوە و بڕیارەکەش بەشێوەی ئارەزوومەندانەیە.
ئاماژەشی بەوەکرد، سەرجەمی ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئاگادار نین چەندە و چی لێ بەسەردێت، بەڵام لە 20%ی داهاتی باج و غەرامە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ هاتوچۆ تەرخاندەکرێتەوە.
10-05-2017