دەستەی ئامارو رێکخراوی خۆراکی جیهانی لەبارەی ئاسایشی خۆراکی هەرێم هۆشداریدەدەن
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان نوێترین زانیاری لەبارەی رێژەی هەژاری و داهاتی تاک و ئاسایشی خۆراک بڵاودەکاتەوه و ئاماژەدەدات، رێژەی هەژاری له 12% بەرزبۆتەوە بۆ لە 15% و نزیکەی 750 هەزار کەسیش لەژێر هێڵی هەژاری ژیان بەسەردەبەن و رێکخراوی خۆراکی جیهانییش، هۆشداری دەدات لەبارەی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بەهاوکاری رێکخراوی خۆراکی جیهانی نوێترین ئاماری له بارەی ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق و رێژەی هەژاری و داهاتی تاک بڵاوکردەوە، ئامارەکانیش ئەوەدەردەخەن، لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا رێژەی هەژاری لە هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە (15%)ی تێپەڕاندوە و نزیکەی (750) هەزار هاوڵاتی لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن، جگە لەوەی نیوەی هاوڵاتیانی هەرێم ناتوانن سێ ژەم خۆراک لە رۆژێکدا دابینبکەن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم و رێکخراوی خۆراکی جیهانی کە لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەنجامدراوە، داهاتی خێزان لەماوەی چوار ساڵدا مانگانە لە دوو ملیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی (700) هەزار دینار کەم بوەتەوە و تێکڕای خەرجی خێزان لە ماوەی چوار ساڵدا لە دوو ملیۆن و (270) هەزارەوە بۆ نزیکەی (800) هەزار دینار کەمبوەتەوە.
دەستەی ئاماری هەرێم و رێکخراوی خۆراکی جیهانی، رایدەگەیەنن خەرجی هەر تاکێکی خێزان مانگانە لە (105) هەزار دینار کەمتر لەژێر هێڵی هەژارییەوە ئەژماردەکرێت، بەوپێیەش بێت زیاتر لە (750) هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لەژێر هێڵی هەژاری ژیان بەسەردەبەن.
دەستەی ئامار و رێکخراوی خۆراک لە رووپێوەکەیاندا ئەوەشیان ئاشکراکردووە، لەکۆی (32) قەزای هەرێم، پێنج هەزار و (600) خێزان بەشداریان لە روپێوییەکەدا کردووە و دەرکەوتووە دابینکردنی خۆراکی پێویستی رۆژانە لەلایەن دانیشتوانی هەرێمەوە لەئاستێکی نزمدایە و ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕوپێوەکە، زیاتر لە (50%)ی دانیشتوانی هەرێم ناتوانن رۆژانە سێ ژەم خۆراکی تەواو بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابینبکەن و تەنها لە (38.5%) دانیشتوانی هەرێم دەتوانن سێ ژەم خۆراکی تەواو بۆ خۆیان دابینبکەن و رێژەی لە (2.1%)ی هاوڵاتیانی هەرێم ناتوانن خۆراکی رۆژانە بۆ خۆیان دابینبکەن، لەکاتێکدا لە عێراق ئاستی دابینکردنی خۆراک لە هەرێم بەرزترە و لە (41%) بۆ (53%)ی خێزانەکان دەتوانن سێ ژەم خۆراکی تەواو دابینبکەن.
لە ناوەڕۆکی رووپێوەکەدا هاتووه، دابەزینی ئاستی دابینکردنی خۆراک لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکێکی زۆر داهاتیان لەسەر موچەی حکومەت بووە و کەمکردنەوەی موچە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئه و خێزانانە دروستکردوە ئەوەش وایکردوە داهاتی مانگانەی تاک بەڕێژەی نزیکەی (65%) کەمببێتەوە، چونکە لە (52%)ی دانیشتوانی هەرێم موچەخۆرن و موچەکانیان کەمکراوەتەوە.
هەر بەپێی روپێوییەکە داهاتی تاک لە ساڵی (2013) لە مانگێکدا (406) هەزار دینار بووه، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ئەمساڵدا داهاتی تاک نزیکەی (140) هەزار دینار بێت.
25-04-2017