کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەری دایکانەی #تەقتەق#
پێشینەیەکی مێژوویی پڕۆژەکە
کێڵگەیەکی تاقانە و دەگمەنی بەخێوکردنی پەلەوەری دایکانەیە (الامهات) لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی تەواوکارییە لە تەقتەق، ساڵی 1976-1982 لەلایەن کۆمپانیای (بیک دتچمان) ی هۆلەندی درووستکراوە، 33ساڵ لەمەوبەر یەکەم وەجبەی جوجەڵەی تێدا بەخێو کراوە و ساڵی 1989 (کۆمەڵەی هەرەوەزی فورات) لە حکومەتی ئەوسای ئێراقی کڕیووە و لە ساڵی 1991 لە کارکەوت و ساڵی 2003 کۆمپانیای کۆسار نۆژەنیکردووەتەوە و ئێستا خاوەنییەتی.
توانستی بەرهەمی پڕۆژەکە
لەڕووبەری 510 دۆنمی زەوی کەناراوی زێی بچوک لە پارچە زەوی ڕاوگەی گوندی گەرمکی تەقتەق بوونیاتنراوە، لە 4 کێڵگە پێکهاتووە و هەر کێڵگەیەک 4 هۆلی بەخێوکردنی پەلەوەری هەیە، کە لە ماوەی یەک ساڵدا دەتوانێت 84 هەزار مریشکی هێڵکە بەخێو بکات، کە 10ملیۆن و 752هێڵکە لەساڵێکدا بەرهەم دێنن، 10 کەلەشێری تێدا بەخێو دەکرێت ئەوی تر مریشکی هێڵکەکەرە.
هەروەها هەڵێنگەیەکی نموونەیی هەیە لەجۆری (پیتەر سایمی بەلجیکی) یە، کەتوانستی هەڵهێنانی (8) ملیۆن هێڵکەی هەیە لەساڵێکدا و ساڵی 2004 بەبڕی 400 هەزار دۆلار کۆمپانیای ناوبراو نۆژەنیکردووەتەوە.
بۆ بازاڕ بردن
بەرهەمەکانی ئەو پڕۆژەیە بریتین لە (هێلکەی مریشکی گۆشت و جوجەڵەی یەک ڕۆژەی مریشکی گۆشت و جوجەڵەی مریشکی هێلکەی خواردن) ، کە لە سەرانسەری ئێراق و کوردستان داواکاری بۆ بەرهەمەکانی هەیە، بەڵام بەهۆی نائارامییەکانی ئەم دواییەی ناوەڕاستی ئێراق و شەڕی #داعش#ەوە نزیکەی 40-50ی فرۆشی کەمیکردووە بەهۆی گیرانی ڕێگاکانی ئەو ناوچانە، هەروەها تێچونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرهەمەکانیش لەکاتی بارودۆخی نائارامدا بەرز دەبێتەوە بۆ نموونە گواستنەوەی بارێک لەکاتی ئاسایی و ئارامی ڕێگەکاندا ئەگەر 100دۆلاری بوێت لەنائارامیدا بە 500 دۆلاریش خاوەنی بارهەڵگرەکە ئامادەنییە.ئەو کارەبکات، لەئێستادا بەهۆی بوونەوەی ڕێگەی (سلێمان بەگ) دەتوانرێت وردەوردە بەرهەمەکان بگەیەنرێنە شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەناوەخۆی کوردستانیش کڕیاری ئەو بەرهەمانە لەشارە سەرەکییەکانی (#هەولێر# و #دهۆک# و #سلێمانی# و #کەرکووک# و#خانەقین#) و شارەدێ و شارۆکەکانیانەوە دێن و بەگوێرەی داواکانیان ئەو بەرهەمانیان بۆ دابین دەکرێت، پڕۆژەکە زیاتر بایەخ بەدابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێم دەدات و ئینجا بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێم بەرهەمەکانی ڕەوانە دەکات.
پڕۆژەیەکی تەواوکارییە
ماوەی بەخێوکردنی ستانداردی جیهانی بۆ مریشکی هێڵکەکەر 64بۆ65هەفتە دوا تەمەنی بەخێوکردنییە.ی، بەڵام لەوپڕۆژەیەدا سوڕی بەرهەمهێنانی تەواوکاری پەیڕەو دەکرێت، واتە لەهەر 4کێڵگەکەدا، بەنموونە لەیەک کاتدا کێڵگەی یەکەم جوجەلەی یەک ڕِۆژی و کێڵگەی دووەم جوجەلەی 15هەفتەیی و سێیەم کێڵگە 32هەفتەیی و چوارەمیش 64-65هەفتەیی بەخێو دەکرێت، بەشێوەیەکی دیاریکراویش لە 25هەفتەدا مریشکی بەخێوکراوی ئەو پڕۆژەیە کە لەجۆری ڕۆس 308ی بەریتانییە.بەهێڵکەدێت و نزیکەی 40هەفتە هێڵکە بەرهەم دەهێنێت.
دەستی کار
لەو پڕۆژەیەدا 125-130 کرێکاری کارامەو ناکارامە کاری تێدا دەکات لە بنکەی ڤێترنەری و وەرشە و کارگەی ئالیک و هەڵێنگە و کێڵگەکاندا، کارمەندەکانی کۆکەرەوەی هێڵکە ڕۆژانە 3بۆ4 جار هێڵکەی هۆلەکانی کێڵگەکان کۆدەکەنەوە و لە هۆلەکەدا لە ساردکەرەوە کۆی دەکەنەوە تاوەکوو ئۆتۆمبیلی بەراد دەیگوازێتەوە بۆ هەڵێنگە (مفقس) و لەوێشەوە لە هەڵێنگە بەگوێرەی خواست لەسەری یان دادەنرێنەوە بۆ هەڵهێنانی جوجەلە یاخود بەهێڵکەیی دەفرۆشرێت، ئەو کرێکارانە زۆربەیان خەڵکی تەقتەق و دەوروبەرین کە بووە بەمایەی بژێویی ژیانیان کارکردن لەکێڵگەکە.
کارگەی ئالیف
لەو پڕۆژەیەدا کارگەیەکی لێکردنی ئالیک هەیە کەتوانستی لێکردنی ئالیکی 3تۆنە لەیەک کاتژمێردا، بەڵام 90ی پێکهاتەی ئەو ئالیکە لە دەرەوەی پڕۆژەکە دەهێنن کە هەندێکیان ناوەخۆیین وەکوو گەنم وجۆوگەنمەشامی و ئەوی تر کە سۆیاوپرۆتین وڤیتامینە لە وڵاتانی ئەرجەنتین وئەمریکاو ئەوروپا هاوردە دەکەن چونکە شوێنی چاندنی دانەوێلەی گەنم وجۆو گەنمەشامی لەکێڵگەکەدا دیاریکراوە هەر دەتوانێت لە5-10ی ئەو ئالیکەی دەیدات بە مریشکەکان لەزەوییەکانی خۆیدا بەرهەم بهێنێت، لە شوێنە بەردەلانەکانی ئەو پڕۆژەیەش 2هەزار نەمانی زەیتون چێنراوە کە ڕێگری لە کارەکانی پڕۆژەکە ناکات و جگە لەبەروبومەکەی بووە بەمایەی ژینگەیەکی جوان وتەندرووست.
دەگمەنی پڕۆژەکە لە هەرێم
لەپڕۆژەی (ئوسول) ەوە دەتوانرێت جوجەلەی (ئەجداد) بەرهەم بهێنرێت، لە کوردستان و ئێراق دا پڕۆژەی بەرهەمهێنانی (ئوسول) نییە.و لە هەرێمیشدا تەنیا یەک پڕۆژەی بەرهەمهێنانی (ئەجداد) لەشەقڵاوەدا بوونی هەیە، کە کێڵگەوپڕۆژەکانی (الامهات) دایکانە لەوێوەوە جوجەلە دەهێنن، پڕۆژەکانی بەخێوکردنی مریشکی دایکانەش لە هەرێمدا بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، لەنێویشیاندا پڕۆژەی تەقتەق نموونەییە وئەوانی تر وزەی بەرهەمهێنانیان زۆر کەمترە، چونکە لە ساڵی 1982ەوە پڕۆژەی پەلەوەری دایکانەی هەولێر و سمێل و تەقتەق درووستکراوە، پڕۆژەکەی هەولێر کە 18کێڵگەبوو ئێستا نەماوە و پڕۆژەی سمیڵیش لەکارکەوتووە و تەنیا پڕۆژەکەی تەقتەق ئێستا کاردەکات و تەواوکارییە و هاوشێوەی لە هەرێمدا نییە.[1]