کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕووسی لەرێگەی دوو کەسی نزیک لە کۆمپانیاکە لە ڕێکەوتنێکی تایبەتدا بڕی 1 ملیار دۆلاری داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوتەکەش تا کۆتایی ساڵی 2019 بەدەستی دەگات.
ماڵپەڕی (گەڵف تایمز) ئەمڕۆ دووشەممە 10ی نیسان ئاشکرایکرد، ڕوسنەفت نزیکەی سێیەکی پارەکە وەک پێشەکی دەداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئاماژەی بۆ بڕی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتەکە نەکردوە کەبەدەستی دەگات.
ئیگۆر سێچین سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆسنەفت مانگی شوباتی پێشوو ڕایگەیاند ئێمە بازاڕێکی نوێی جیهانی بۆ نەوتی خاوی کوردستان دروست دەکەین.
راشیگەیاند لەئێستادا هەنگاوی کردارییەکان لەلایەن ڕوسنەفت بۆ بەجیهانیکردنی نەوتی کوردستان نراوە.
دوێنێ یەکشەممەش ڕوسنەفت ڕایگەیاند کە ئەم هەفتەیە یەکەم کاروانی نەوتی کوردستانی بەدەست دەگات و ڕەوانەی پاڵاوتگەکانی دەکات لە ئەڵمانیا.
10-04-2017