دواڕِۆژ، ئاوارە حەمید
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت چوار ملیۆن عێراقی ئاوارەبوون لەناوخۆی وڵات و دوو ملیۆنیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و لە کۆتایی ئەمساڵیشدا کێشەی ئاوارەکان زۆر کەم دەبێتەوە.
ئەم وتانەی دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە میانی شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوارەکان هات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی نیسانی 2017 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و پارێزگاری موسڵ و چەند ڕێکخراوێکی تری تایبەت بە هاوکاری ئاوارەکان ئامادەی بوون.
دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند زیاتر لە چوار ملیۆن عێراقی ئاوارەی ناوخۆی وڵات بوون و لەو ژمارەیە دوو ملیۆن گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
تەنها لە پارێزگای موسڵ 460 هەزار کەس ئاوارە بوون و 100 هەزار گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران وتیشی کە لای ڕاستی موسڵ چاوەڕێ دەکرا 250 هەزار کەس ئاوارە بێت، بەڵام ژمارەکە لە ئێستادا گەیشتۆتە 260 هەزار و چاوەڕێی 100 هەزار کەسی تر دەکرێت.
سەرجەم ئاوارەکانی موسڵ لە کەمپەکان نیشتەجێکراون و دوای پڕۆسەی خوێندنیش گەڕانەوەی ئاوارەکان زیاتر دەبێت و چاوەڕێش دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا کێشەی ئاوارەکان بەڕادەیەکی زۆر کەمبێتەوە بە وتەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق.
کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمیش ڕونیکردەوە کە پێویستە هەماهەنگی باشتر بۆ هاوکاری ئاوارەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی تایبەت بە هاوکاری ئاوارە و لێقەوماوان هەبێت و یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن، چونکە سەرەڕای قەیرانی دارایی لە کوردستان ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بوەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێم.
06-04-2017