دهۆک: لە مانگی ئازاردا 54 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، رەڤەند گوهەرزی
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، لە مانگی ئازاردا 54 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و بەوهۆیەوە 158 ملیۆن دینار زیانیان هەبووە 13 کەسیش بوونەتە قۆربانی.
ڕۆژی یەکشەممە 2ی نیسان بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە پارێزگای دهۆک ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی لەو پارێزگایە لە مانگی ئازاردا راگەیاند.
رائید بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە پارێزگای دهۆک بە دواڕۆژی راگەیاند لە مانگی ئازاردا لە سنووری پارێزگای دهۆک 54 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.
وتیشی لەو 54 رووداوەدا 37 رووداوی سوتانی خانو و مارکێت و دکانی هاووڵاتیان هەبووە و سێ خێمە و سێ ئۆتۆمبێل و چوار کارگە و حەوت رووداوی پوش و پاوان تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەو رووداوانە 158 ملیۆن دینار زەرەر و زیانی بە دوای خۆیاندا هێناوە و دوو کەسیش گیانیان لە دەستداوە و 11ی دیکەش برینداربوون.
راشیگەیاند 28 لەو رووداوانە بە هۆی شۆرتی کارەبا روویانداوە.
03-04-2017