دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ماوەی چەند مانگێکە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی ئه و سواڵکەرانە دەستيپێکردووە کە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان خەڵکیان هەراسانکردووە، قایمقامی هەولێریش ڕایدەگەیەنێت له و هەڵمەتەدا هەزار و 250 سواڵکەریان دەستگیرکردووه و دراونەتە دادگا.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە وەکالەت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە ماوەی هەڵمەتی نەهێشتنی سواڵکەرەکاندا، لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێر و قەزا و ناحیەکانەوە بەهاوکاری پۆلیسی ڕێککاریی، هەزار و 250 سواڵکەریان دەستگیرکردووە.
وتیشی سواڵکردن لەسەر شەقام و ترافیک لایتەکان دیاردەیەکی ناشرینە و پێویستە بنەبڕبکرێت، بۆیە ئەوانەی دەستگیردەکرێن دەدرێنە دادگا و بەڵێننامەیان لێوەردەگێرێت جارێکی تر کارەکە دووبارە نەکەنەوە، بەڵام گەر کەسێک دوای ئازادکردنی جارێکی تر دەستبکاتەوە بە سواڵکردن، ماوەی زیندانیکردنی لە 15 ڕۆژ بۆ مانگێک بۆ درێژدەکرێتەوە.
قایمقامی هەولێر بە وەکالەت ڕوونیشیکردەوە، ماوەیەکە دیاردەیەکی تر پەیدابووە ئەویش بەناوی فرۆشتنی کلێنس و گوڵ فرۆشتنەوە سواڵکەرەکان پارە لە خەڵک وەردەگرن لەسەر ئەمەش سواڵکەر هەبووە خاوەنی ئۆتۆمبێل بووە ڕۆژانە بەناوی شت فرۆشتنەوە داهاتێکی باشی دەستکەوتووە کە بڕەکەی 100 بۆ 150 هەزار دینار بووە.
لەبارەی ئەوانەی کاری سواڵکردن دەکەن قایمقامی هەولێر بە وەکالەت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوانەی سواڵ دەکەن بەشێکیان خەڵکی هەولێرن و هەشیانە ئاوارەی سووری یان هاوڵاتی کوردستانی باکوورن.
30-03-2017