دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسی کەمپەکانی سنوری پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هاتنی ئاوارەیەکی زۆر لە موسڵەوە لە ئێستادا لەناو کەمپەکاندا شوێن بۆ ئاوارە نەماوە و دەشڵێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو کەمپێکی تر لە هەولێر دروست دەکەین.
رزگار عوبێد، بەرپرسی کەمپەکانی سنوری پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە ئێستادا لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێر شوێن بۆ ئاوارەکانی موسڵ نەماوە، ئەو هاووڵاتیانەشی کە لەبەری لای ڕاستی موسڵ ئاوارە دەبن بەهۆی نەبوونی شوێن لە کەمپەکانی هەولێر ڕەوانەی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک دەکرێن چونکە لەوێ شوێن بۆ ئاوارەکان ماوە.
بەرپرسی کەمپەکانی هەولێر وتیشی چوار کەمپ لە هەولێر هەن ئەوانیش کەمپی (چەمەکۆر، سێودینیان، حەسەن شام و خازر)ن کە لە ئێستادا سەرجەمیان پڕ بوون لە ئاوارە و توانای وەرگرتنی ئاوارەیان نەماوە.
رزگار عوبێد، ئاماژەی بەوەشکرد لە 15ی نیسانی 2017 لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە هەولێر کەمپێکی تر دروست دەکرێت کە حکومەتی هەرێم زەویەکەی دابینکردووە و ئەوەش وا دەکات بتوانین ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی تر وەربگرین.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 33 هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە بەری لای چەپی موسڵ، بەڵام بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە بەری لای ڕاستی ئەوشارە تائێستاش ڕۆژانە بە سەدان هاووڵاتی ئاوارە دەبن.
لە 17ی تشرینی یەکەمی 2016 ئۆپراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد لەو ساتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 156 هەزار هاووڵاتی موسڵ ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون لەو ژمارەیەش 33 هەزاریان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.
29-03-2017