داهاتی حکومەتی هەرێم بە ڕێژەی 20% زیادیکردووە
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
لە ناوەڕاستی ساڵی پارەوە تا مانگی ئازاری ئەمساڵ داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای فڕۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە بە ڕێژەی 20% زیادیکردووە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دواڕۆژی ڕایگەیاند بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەستکردن بە چاکسازیی کارگێڕیی و دارایی بە هەمانگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پێداچوونەوە بە سیستەمی باج و گومرگ، لە ئێستادا خەرجییەکانی حکومەت بە ڕێژەی لە 68% کەمیکردووەو داهاتی هەرێمی کوردستانیش بە ڕێژەی 20 % بەرزبۆتەوە.
سەرچاوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژەشی بەوەکرد، ئەگەر نرخی نەوت بەزربوونەوەیەکی تر بەخۆیەوە ببینێ هەرێمی کوردستان جگە لە دانەوەی قەرزو دابینکردنی خەرجییەکانی دەتوانێت مانگانە بە ڕێژەی لە 60% بۆ 70% موچەی فەرمانبەران دابینبکات.
سەرچاوەکەی حکومەت، ئەوەشی خستەڕوو، داهاتی هەرێمی کوردستان تەنها لە ڕێگای نەوتەوە نزیکدەبێتەوە لە 750 ملیۆن دۆلارو جگە لەو داهاتەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستدەکەوێت، کە مانگانە بە 130 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2016وە ئابووری هەرێمی کوردستان لە داڕووخان ڕزگاری بووە، کێرڤی ئابوورییەکەی بەرەو سەرەوەیە.
26-03-2017