داهاتی حکومەتی هەرێم بە رێژەی 20% زیادیکردووە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
لە ناوەڕاستی ساڵی پارەوە تا مانگی ئازاری ئەمساڵ داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگای فڕۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە بە رێژەی 20% زیادیکردووە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دواڕۆژی رایگەیاند بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەستکردن بە چاکسازیی کارگێڕیی و دارایی بە هەمانگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پێداچوونەوە بە سیستەمی باج و گومرگ، لە ئێستادا خەرجییەکانی حکومەت بە رێژەی لە 68% کەمیکردووەو داهاتی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 20 % بەرزبۆتەوە.
سەرچاوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژەشی بەوەکرد، ئەگەر نرخی نەوت بەزربوونەوەیەکی تر بەخۆیەوە ببینێ هەرێمی کوردستان جگە لە دانەوەی قەرزو دابینکردنی خەرجییەکانی دەتوانێت مانگانە بە رێژەی لە 60% بۆ 70% موچەی فەرمانبەران دابینبکات.
سەرچاوەکەی حکومەت، ئەوەشی خستەڕوو، داهاتی هەرێمی کوردستان تەنها لە رێگای نەوتەوە نزیکدەبێتەوە لە 750 ملیۆن دۆلارو جگە لەو داهاتەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستدەکەوێت، کە مانگانە بە 130 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2016وە ئابووری هەرێمی کوردستان لە داڕووخان رزگاری بووە، کێرڤی ئابوورییەکەی بەرەو سەرەوەیە.
26-03-2017