جێگری سەرۆکی پەرلەمان ژمارەی ئێزدییەکانی ژێردەستی داعش ئاشکرادەکات
📊 ئامار و راپرسی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوتارێکدا داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد یارمەتیدەر بن بۆ هێنانەئارای سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەعێراق، وتیشی لەئێستادا سێ هەزار ئێزیدی لەژێر دەستی داعشدان.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سێیەم رۆژی کارەکانی کۆنگرەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی وەفدی عێراق، وتاری عێراقی پێشکەشکردو چەند دۆسیه و پرسێکی ئێستای عێراقی خستە بەردەم بەشداربوانی کۆنگرەکە.
لە بەشێکی وتارەکەیدا ئارام شێخ محەمەد رایگەیاند تائێستا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کێشەی هەڵپەسێردراو هەیە، بەتایبەت لەسەر نەوت و ناوچە جێناکۆکان و کێشەی هاوبەشی راستەقینە لەپرۆسەی سیاسیدا، یەکێک لە هۆکاری دەستگرتنی داعش بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوان لە عێراق ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان بوو، یەکگرتوییشمان بووە هۆی ئەوەی پشتی تیرۆر بشکێنین و ئێستا لەبەردەم ئاییندەیەکی نزیکداین بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستاندا.
سەرۆکی وەفدی عێراق بە پێویستیزانی چارەسەری سیاسی بدۆزرێتەوە بۆ هێنانەئارای سەقامگیری و تەئکیدی لەوەکردەوە، کە هیچ وڵاتێک بە پاساوی پارێزگاریکردن لە ئاسایشی خۆی، ناتوانێت سەروەری خاکی عێراق پێشێلبکات، ئێمەش وەک نوێنەرانی شەرعی گەلی عێراق دەستوەردان و دەستدرێژیکردن-مان بۆ سەر خاکی عێراق رەتکردوەتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ستایشی رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەبەرامبەر کۆمەکییە سەربازی و مرۆییەکانیان و ئەوەی خستەڕو، عێراق لە قۆناغی داهاتو پێویستی بە پشتیوانی سیاسی دەبێت بە مەبەستی هاتنە ئارای سەقامگیری سیاسی و کۆتاییهێنان بە کێشەکان، چونکە لە ئێستادا چەندین کێشەی هەڵپەسێردراو هەیە بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی داعش لەسەر خاکی عێراق دواخراون و پێویستیان بە چارەسەری ریشەیی هەیە، لە پێش هەموشیانەوە ئه و ناوچانەی ماوەیەکی زۆرە بونەتە ناوچەی تیرۆر و توندوتیژی.
ئارام شێخ محەد لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا: لەسەرەتای روبەڕوبونەوەمان لەگەڵ داعش، لەناوخۆدا (4) ملیۆن ئاوارە هەبوو، لە ئێستادا دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئه و ناوچانەی لەژێر دەستی داعش-دا بون دەوروبەری دو ملیۆن و حەوت سەد کەس گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و حکومەتی عێراقی بە کۆمەکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە پرۆسەی یارمەتیدانی ئاوارەکان، گەڕانەوەی ئه و ژمارەیەش بۆ ناوچەکانیان هێمای گەڕانەوەی سەقامگیریە بۆ دۆخی ئه و ناوچانه و چڕکردنەوەی هاوکارییەکانیش هۆکاردەبێت بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
هاوکات رونیکردەوە: تا ئێستاش سێ هەزار ئێزیدی لەژێر دەستی داعشدان، ئێمە بەدەست و بازوی خۆمان روبەڕوی سەرسەختترین و دڕەندەترین تاقم بەسەر زەوی بوینەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەشێکی وتارەکەی ئاماژەی بە گەندەڵی کرد و وتی هیچی کەمتر نییە لە تیرۆر، ئەگەر پێشتر گەندەڵی هەڕەشەی لە ئاسایش و سەقامگیری کردبێت لە وڵاتەکەمان، ئێستا بوەتە بارگرانی بەسەر وڵاتەوە، وەک پەرلەمان-یش لێپێچینەوەمان لە بەرپرسان کردوه و رۆڵی چاودێری و ئەدای حکومەتمان گێڕاوە، پەرلەمان خەرجییەکانی کەمکردوەتەوه و لەرێگەی قانون و رێوشوێنە پەرلەمانیەکانەوە هەنگاومان ناوە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی.
لە کۆتایی وتارەکەیدا ئارام شێخ محەمەد داوای لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد هاوکاری پەرلەمانی عێراق بکەن لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ریشەکێشکردنیدا بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە لە مێژوی عێراق.
24-03-2017