هەزاران ناوی نایاسایی و وەهمی لە خانەنشینی سەربازی و پاسەوانی تایبەت ئاشکرا دەبن
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەهۆی سیستەمی بایۆمەترییەوە هەزاران پێشێلکاری و ناوی وەهمی خانەنشینی سەربازی و پاسەوانی تایبەت ئاشکرا دەکرێن، بەرپرسێکی سیستەمی بایۆمەتریش ئاماژه بەوه دەکات، ناوی دووباره و نایاسایی و وەهمی لەسەرجەم دامودەزگاو دەمەزراوەکانی حکومەت هەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، کە لەسەرچاوەیەکی ئاگادار لە پڕۆژەی بایۆمەتری دەستیکەوتووە، دوابەدوای دەستکردن بە تۆمارکردنی ناوی هێزەکانی پێشمەرگه و هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی سەربازیی و پاسەوانی تایبەت لەسەرەتای مانگی ئازار، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو لە سیستەمی بایۆمەتری هەزاران ناوی دووباره و نایاسایی و وەهمی لە خانەنشینانی سەربازیی و پاسەوانی تایبەتی سەر بە حزبەکان ئاشکرا کراون.
دواڕۆژ زانیویەتی دوای وردبینی پرۆسەکە له لایەن فەرمانبەرانی بایۆمەتری و بەر لە ئەنجامدانی پەنجەمۆر، لە نێو خانەنشینی سەربازی حزبەکان و پاسەوانی بارەگاو پاسەوانی بەرپرسانی حزبەکان، دەرکەوتووە هەزاران حاڵەتی نایاسایی موچە وەرگرتن و ناوی دووباره و وەهمی هەبوون.
هەر بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆری خانەنشینی سەربازیی و پاسەوانی تایبەتی سەر بە حزبەکان بە بێ ئەوەی هیچ ئەوەلیات و دۆکۆمێنتێکیان هەبێت بەوەی خانەنشین کرابن، یاخود کرابێتنە پاسەوان موچەیان وەرگرتووە.
له و بارەیەوە سەفین غەفور، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی بایۆمەتری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لە تۆماری بایۆمەتری هەزاران پێشێلکاری بچووک و گەورە لەوانە، دوو مووچەیی و ناوی وەهمی و وەرگرتنی موچە لە شوێنی کەسانی ترو خانەنشینکردن و دامەزراندن بەشێوەی نایاسایی تۆمارکراوە لە فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەشینی بە هەردوو جۆرەکەیەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی بایۆمەتری، ئاماژەشی بەوەکرد، لەگەڵ کۆتایی هاتنی پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەران لە پرۆسەی بایۆمەتری و چەند مانگێک پاش پرۆسەکە ژمارەی ڕاستەقینەی موچەخۆرانی حکومەت و پێشێلکارییەکان ئاشکرادەکرێت.
15-03-2017