موسڵ؛ لە 23 رۆژدا 52 گەڕەک و شوێنی دیکە کۆنتڕۆڵکراونەتەوە
لەماوەی 23 رۆژی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆرئاوای موسڵدا 52 گەڕەک و شوێنی دیکە لەدەستی داعش پاککراونەتەوە، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق کە دراوە بەخەندان.
19ی شوباتی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ دەستیپێکرد، لەماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەخۆرئاوای موسڵ بەدەستهێناوە.
بەپێی ئامارێکی پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق کەدراوە بەخەندان لە 19ی مانگی رابردووەوە تاوەکو 13ی ئەم مانگە 52 گەڕەک و شوێنی دیکە کۆنتڕڵکراونەتەوە.
لەماوەی 23 رۆژی رابردوو هێزەعیراقییەکان هەریەکە لەفڕۆکەخانەی موسڵ و بینای پارێزگای نەینەواو وێزگەی کارەبای موسڵ و پردی چوارەمی موسڵ و چەندین شوێنی گرنگی دیکەیان کۆنتڕڵکردووەتەوە.
هێزەعێراقییەکان یەکشەممەی رابردوو کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەدای 30ی بەشی ڕۆژئاوای موسڵ-یان ڕاگەیاندو تائێستا لە کۆی 40 گەڕەک 17 گەڕەک لەوبەشەی شارەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە.
بریت مەکگۆرک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لەموسڵ ماون هەر لەو شارەدا دەمرن.
ئەو وتانەی مەکگۆرک دوای بڕینی دوایین رێگەی دەرچوون لەموسڵ هات لەلایەن هێزە عیراقییەکانەوەو گەمارۆدانی چەکدارانی داعش لەناو شارەکەدا.
مەکگۆرک لەبەغداوە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، فیرقەی نوێی سوپای عیراق شەوی شەممە دوایین رێگەی دەرچونی لەموسڵ بڕیوە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لەموسڵ ماون هەر لەوێ دەمرن، لەبەرئەوەی گەمارۆدراون.
14-03-2017