دواڕۆژ، کۆچەرعلی
بەهای بەرزترین و نزمترین ڕووبەری یەک مەتریی زەوی شوێنە بازرگانییەکان لە شاری هەولێر بڵاودەکرێتەوە، بەپێی داتاکان نرخی مەترێک زەوی بازرگانی لە هەولێر دەگاتە 6 هەزار دۆلار و گەڕەکی سێتاقانیش بەگرانترین شوێنی هەولێر دادەنرێت.
بەپێی ناوەڕۆکی بەشێک لە ڕاپۆرتی مانگانەی کۆمپانیای حاجی سەلام وەک گەورەترین کۆمپانیا لە بواری خانووبەرە و ڕاوێژکاری، کە تایبەتە بە بەهای خانوو، زەوی نیشتەجێبوون، زەوی و شوێنە بازرگانییەکانی شاری هەولێر، بەرزترین نرخی شوێنی بازرگانی لە شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر دەکەوێتە شەقامی سێتاقان و نزمترین شوێنیش دەکەوێتە هەڤاڵان و عەدالە (گەڕەکی ڕاستی).
بڕیارە ڕاپۆرتەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو بکرێتەوە و وردەکاری جووڵە و بەهای فرۆشتن و بەکرێدانی زیاتر لە 75 گەڕەکی هەولێری بە داتا و زانیاریی ورد تێدا شیکراوەتەوە، ئەویش دوای وەرگرتنی بەهای نزمترین و بەرزترین نرخ و دیاریکردنی تێکڕای بەهای نرخ له و شوێنانە.
لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە، نرخی زەوی بازرگانی لە گەڕەکی سێتاقان لە نرخی زەوی بازرگانی لە گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکە نوێیەکانی دیکە بەرزترە، ئەمەش بەهۆی جووڵەی شوێنەکە و زۆریی خواست لەسەری.
12-03-2017