خەندان- خۆشناو حسێن
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆل، مانگی ڕابردوو 623 خێزانی عێراقی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان بوون و لەوکەمپە نیشتەجێبوون، شەوی ڕابردووش 168 کەسی سوریی و عێراقی ئاوارەی کەمپەکەبوون.
شەوی ڕابردوو لەڕێگای دەروازەی ڕەجم سەلیبی لەسنوری نێوان سوریا و عێراق 32خێزانی عێراقی کە145 کەس بوون لەگەڵ 10خێزانی سوریی کە 23 کەس بوون گەیشتونەتە کەمپی هۆل لەڕۆژئاوای کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئاوارەعێراقییەکان لەمانگی شوباتەوە و تاشەوی ڕابردوو گەیشتووە 623 خێزانی عێراقی کە لە دووهەزار و 779 کەس پێکدێن و هەروەها 258 خێزانی سوری کە لە 873 کەس پێکدێن و لەکەمپەکە نیشتەجێبوون.
ئاماژەبەوەشکراوە، ژمارەیەک لە منداڵانی عێراقی لەکەمپی هۆل گیانیان لەدەستداوە بە هۆی کەمی هاوکاری و پێداویستی تەندروستی و کەمتەرخەمی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا نایانتوانیوە هاوکاری پێويست پێشکەش بە ئاوارەکان بکات.
بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە داوای هاوکاری لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووه و ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی ئاوارەکانی سوریا و عێراق لەوکەمپە گەیشتوونەتە 17هەزار کەس و چاوەڕواندەکرێت ژمارەکە بەرزبێتەوە لەگەڵ پێشڕەوی هێزە عێراقییەکان بەره و مووسڵ.
02-03-2017