بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئاوی ژێرزەوی یەک ملیۆن دۆلار بە هەرێم دەدرێت
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو و رێکخراوی یونسکۆ بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاو هاوکاری حکومەتی هەرێم دەکەن.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند "هەریەکە لە ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو و رێکخراوی یۆنسکۆ بڕیاریانداوە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار هاوکاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن".
وتیشی "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەهەولێر رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و هەردوو رێکخراوەکە ئەنجامدراوە، لە 6ی ئازاری 2017 دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، روونیشیکردەوە ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە دیراسەکردن و بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان و قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و بۆ قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکراوە کە لەسەر ئەرکی ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو و رێکخراوی یونسکۆ دابینکراوە.
ساڵی رابردوو وڵاتی ژاپۆن بۆ پڕۆژەی ئاوی چواری هەولێر و پڕۆژەی ئاوی سلێمانی، بڕی یەک ملیار دۆلاری وەک هاوکاری لەرێگەی حکومەتی ناوەندییەوە بە هەرێمداوە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا هەردوو پڕۆژەکە تەواو بکرێن.
- 09-02-2017