80 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کۆمپانیای باکوور دەدرێتە دوو کۆمپانیای هەرێمی کوردستان
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای کەرکوک بە رەسمی رێککەوتن ئەو نەوتەی رۆژانە لە رێگای بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانی تورکیا دەفرۆشرێت بڕی 80 هەزار بەرمیلی کە تایبەتە بە کۆمپانیای سۆمۆ بدرێت بە هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و قەیوان.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی ئه و حزبە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شوبات بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای ئەوەی پارێزگای کەرکوک لەماوەی رابردوو سەردانی بەغدای کردبوو، رەزامەندییەکی سەرەتایی وەرگرت، لەسەر وەرگرتنی نیوەی ئه و نەوتەی لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە رێگای تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرا، لەئێستاشدا هەردوو حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای کەرکوک رێککەوتوون و چاوەڕێدەکرێت بە رەسمی واژۆی لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئاسۆ مامەند، کە ئێستا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، ئەوەشی خستەڕوو، ئه و 150 هەزار بەرمیلەی لەرێگای بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی رێککەوتنێکی پارساڵی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێم، بەشێوەی نیوە بە نیوە دەفرۆشرا لەمەودوا نیوەکەی حکومەتی عێراق دەدرێتە ئیدارەی پارێزگای کەرکوک بۆ ئەوەی خۆیان بیفرۆشن.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک ئاشکراشیکرد، دوای رێککەوتنەکە ئیدارەی کەرکوک لەگەڵ بەغدا، رۆژانە نزیکەی هەشتا هەزار بەرمیل نەوتی کۆمپانیای باکوور دەداتە هەردوو پاڵاوتگەی کەڵەک و بازیان لە رێگای هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و قەیوان لەبەرامبەردا پارە وەردەگیرێت و ئه و پارەیەش دەدرێت بە کۆمپانیای ماس بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای کەرکوک و بەشێکیشی قەرزی پێدەدرێتەوە.
ناوبراو، وتیشی "ئه و بڕە پارەیەی لە بەرامبەر ئه و 80 هەزار بەرمیلە نەوتەی رۆژانە وەردەگیرێت تەنها بۆ ئیدارەی پارێزگای کەرکوک دەبێت و دوای ئەوەی پاڵاوتگەی کەرکوک گەورە دەکرێت و توانای پاڵاوتنی نەوتی زیاتری دەبێت ئه و 80 هەزار بەرمیلە لە هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و قەیوان وەردەگیرێتەوه و دەدرێت بە پاڵاوتگەکە".
- 06-02-2017