بەهۆی هێرشەکانی تورکیا 332 کەس کوژراون و سەدانیش بریندارن
📊 ئامار و راپرسی
ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی 332 کەسی سڤیل و برینداربوونی سەدانی راگەیاند لە دەرەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی شەهبای باکوری سوریا.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە راپۆرتێکدا ئامارێکی راگەیاند کە تێیدا هاتووە لە 24ی ئابی ساڵی رابردووە تا دوێنێ 16ی کانونی دووەم، لە دەرەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا سەدان کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
لە بەشێکی راپۆرتەکەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤدا هاتووە:" لە یەکەمین رۆژی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی شەهبا تا ئێستا 332 کەسی سڤیل کوژراون کە لە نێوانیداندا 76 منداڵ هەن کە تەمەنیان کەمتر بووە لە 18 ساڵ، 43 ژن، جگە لەوانەش سەدان کەسی دیکە بریندار بوون، هەندێکیشیان بەهۆی برینداربوونەوە تووشی کەمئەندامی بوون، ئەمەش لە دەرەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی فڕۆکەکانی تورکیا بووە کە بۆ سەر گوند و ناوچەکانی دەوروبەری باکوری رۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامی داوە".
راپۆرتی روانگەکە ئاماژەی بەوەش داوە:"هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانەکانی تورکیا دوای یەکەم دۆڕانی هێزەکانی تورکیا لە باب زیاتر بوون و خەستتر بونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 2300 کەس بە برینی جۆراوجۆر، هەندێکیشیان تووشی کەمئەندامیی یەکجارەکی بوو".
لەبارەی پێگەیشتنی زیان بە بینا و شوێنە گشتییەکانی شارەکەش، راپۆرتی ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردوە:" بینای شوێنە گشتییەکان و ماڵی هاولاتیان بە تەواوی رووخاون لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی هێزەکانی تورکیا بۆ شارەکە کە دەیان هەزار کەسی لێ نیشتەجێ بوو و کەوتنە بە گیرە (مەنگەنە)ی هێزەکانی تورکیا و هێرەشەکان داعش".
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە:" هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 27 هەزار کەس لەو ناوچانەدا، هێشتاش رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە ئاستیدا بێدەنگن".
17-01-2017