پانۆرامای ڕووداوەکانی ساڵی 2016ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
📊 ئامار و راپرسی
ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
لە ساڵی 2016دا لە ڕۆژهەڵاتی کورستان کۆڵبەران قوربانی سەرەکی بوون و لە ئەنجامی دەستڕێژی گولەی هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە کۆڵبەران 38 کۆڵبەر کوژران و 29ی دیکەش بریندار بوون.
ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لەناو دارستانەکاندا 430 جاری تێپەراند و 11 هەزار هێکتار لە کێڵگە و دارستانەکان زیانیان پێگەیشت و چالاکییەکانی ژینگەپارێزی لە چاو ساڵی رابردوودا دوو ئەوەندە زیادیان کرد.
دوو بەنداو کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروست کران و زیانی زۆریان بە ژینگە و گیانلەبەران گەیاند، کە بەرچاوترینیان بەنداوی داریان و گرتنەوەی ئاوی سیروان بوو، هەروەها شوێنەواری مێژوویی کانی بڵ و گوندی کۆسەی هەجیج ژێرئاوکەوتن.
لە ساڵی 2016دا لە رۆژهەڵاتی کوردستان 723 کەس لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و باوەڕیی دەستگیرکران و 241 کەسیان ڕەوانەی زیندان کران.
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارەدراون، گەیشتە 415 کەس، کە 28یان لە بەندکراوانی سیاسی و باوەڕیی بوون.
ئاستەنگکردنی کاری ڕۆژنامەنووسی وەکو ساڵی ڕابردوو بەردەوام بوو، پارازیت خستنەسەر کەناڵەکان و فیلتەرکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر پەرەی پێدرا و ئێران لە راپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنووردا لەناو 180 وڵاتدا بۆ پێشلکردنی کاری رۆژنامەوانی و فشار لەسەر کاری ڕاگەیاندن، 168هەمین وڵات بوو.
گرنگترین چالاکییە مەدەنییەکان لە شارەکانی بانە و مەریوان ئەنجامدران، کە هێزەکانی دەوڵەتی ناچار بە پاشەکشە کرد لە بڕیاری داخستی سنووری نێوان بانە بە ڕووی باشووری کوردستاندا.
هاوکات لە شارەکانی کرماشان، مهاباد و سنە چالاکیی و ناڕەزایەتی کرێکاران بە شێوازی جیاجیا بەڕێوەچوو.
چالاکیی پشتیوانی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و بەرخۆدانی باکور لە کرماشان و سنە بەڕێوەچوو.
لەگەڵ ئەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەند و لە سەردەشت و کرماشان 17 گەریلای یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەرەکە گیانیان بەخت کرد، هەروەها لە ئەنجامی کەوتنە بۆسەی ژمارەیەک پێشمەرگە لە شنۆ و مەریوان ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان بەختکرد و گوندی قەرەقەسەڵ و شارۆچکەی سەوڵئاوا تۆپباران کران و ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان بەخت کرد.
هەروەها لە ئەنجامی چالاکیی وەڵامدانەوەی پژاک لە مەریوان و هەورامان، 26 پاسداری ڕژێم کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون و لە شەڕی سەردەشتیش دیمەنی چالاکیی گەریلاکانی یەرەکە دەنگدانەوەی میدیایی لێکەوتەوە، کە تیایدا 13 پاسدار کوژران.
لە بەرامبەر دەستێوەردانەکان و هەوڵەکانی رژێمدا، پارتەکانی رۆژهەڵات گۆڕانکارییان لە سیستمیاندا پێکهێنا و کۆنگرەیان بەڕێوەبرد.
کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لە مانگی ئۆکتۆبەردا دووەمین کونگرەی خۆی بەڕێوەبرد و فواد بێریتان و زیلان تانیا وەکو هاوسەرۆکانی کۆدار هەڵبژێدران.
هەر لەو مانگەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک کۆنگرەی خۆی بەست و هەر یەک لە سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین وەکو هاوسەرۆک هەڵبژێردران و یەکسانیی ژن و پیاو لە بەڕێوەبەریدا پەیڕەو کرا.
لە 12ی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کژار، دووەمین کۆنگرەی بەڕێوەبرد و پلان و کارەکانی بۆ تێکۆشان لە بوارەکانی ژنان و منداڵاندا خستەڕوو.
پیرۆزباییەکانی جەژنی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان مۆرکی خۆی لە ڕووداوەکانی ساڵدا، بەشداریی ژنان و دایکانی ئاشتی لە پیرۆزبایی نەورۆزی قەسریان و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەلایەن دایکی شەهیدێکەوە، نەورۆزی ڕەنگاورەنگ کرد.
هاوکات پیرۆزبایی نەورۆز لە قەڵاواری کرماشان و لە شار و ناوچەکانی دیکە شکۆمەندانە بەڕێوەچوون.
پیرۆزباییەکانی نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستان نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئازادی ژن و خاوەنداری لە بایەخ و بەهاکانی گەلی کورد کرد.
دایکان و چالاکانی ژن و گەنجان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان لە کەمپەینی "بەرخودان ژیانە"، بۆ پشتگیریی لە بەرخۆدانی باکوری کوردستان کرد و دایکانی ئاشتی پرسەی گەریلایان بەسەر کردەوە، کە لەئەنجامی شەڕ و بۆردومانەکاندا گیانیان بەخت کردبوو، هاوکات چالاکیی بۆ پشتگیری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە ژمارەیەک لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە مانگی ئەیلولدا، مامۆستا خالید حسامی ناسراو بە هێدی خەڵکی شاری بۆکان، شاعیر و غەزەلنووسی ناسراوی کورد، لە تەمەنی 89 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
لە مانگی ئایاردا هونەرمەند و شۆڕشگێڕ چیا یوسفی، ناسراو بە دلێر ئارین، خەڵکی شاری کامیاران لە ناوچەی گەڤەر لەگەڵ هەشت گەریلای دیکەدا گیانی بەختکرد.
لە مانگی نوڤەمبەردا لە بەرخودانەکانی باکوری کوردستان، گەریلا کەیوان سەرابی ناسراو بە سیروان ئاریو لەیلاخ، لەدایکبووی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی بەخت کرد، کەیوان سەرابی ئەندامی دەستەی ڕاگەیاندنی پژاک بوو و دواتر لەناو دەستەی بەڕێوەبەریی کۆداردا جێی گرت.
گەریلا جەلال مەنسووری ناسراو بە زەردەشت جیلۆ لە دایکبووی دێگولانی سەر بە شاری سنە، لە ڕۆژی 10ی مانگی 12 لە باکوری کوردستان لە دژی بارەگایەکی سەربازی شارۆچکەی هەزرۆی ئامەد، چالاکیی فیدایی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا بارەگاکە تێک ڕووخا و 18 ئەندامی سوپای تورکیا برینداربوون، پرسەی ئەو گەریلایە لەلایەن دایکانی ئاشتییەوە بەسەرکرایەوە.
وەکو ساڵانی رابردوو ئەمساڵ دەوڵەتی رۆحانی، مۆڵەتی کارکردنی بە پارت و لایەنە یاساییەکانی رۆژهەڵات نەدا و هەوڵەکانی لایەنە ریفۆرمخوازەکانیش دیسان شکستی هێنا.
30-12-2016