پۆلیسی تورک لە 2016دا 400 هاوڵاتی کوشتووە و تەرمەکانیانی بێسەروشوێن کردووە
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD)، پۆلیسی تورکیا لە ساڵی 2016دا 400 کەسی رفاندووە، کوشتوونی و پاشان تەرمەکانی بێسەروشوێن کردوون.
ئەمڕۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا وباکوری کوردستان، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوەو رایگەیاندووە، کە پۆلیسی تورکیا لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا 400 کەسی رفاندووە، پاشان کوشتونی و تەمەکانی بێسەروشوێن کردوون.
لە ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا ئەوانەی لە باکوری کوردستاندا کوژراون، بەم جۆرەیە، پۆلیسی تورکیا لە ساڵی 2016دا لە شاری شرناخ 20 کەسی رفاندووە و پاشان کوشتونی، جارێکی دیکە لە جزیرە لە ژێرزەمینکدا 26 کەسی لە ئاگردا سوتاندوە، هەروەها لە شاری وان و شارۆچکەکانی دەوروبەری 53 کەس بەدەستی پۆلیس کوژراون و تەرمەکانیان بێسەروشوێن کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ راشیگەیاندووە، کە لە مێردین چوار کەس لەبەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی پۆلیس کوژراون، لە ئامەدیش 10 کەس کوژراون و بێسەروشوێن کراون.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە موش، جولەمێڕگ، ئەدەنە و رحا 27 کەس کوژراون و پاشان تەرمەکانیان بێسەروشوێنکراون.
13-12-2016