نزیکەی 3 هەزار ئێزیدی لەدەستی داعش رزگارکراون
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەرپرسی نوسینگەی رفێندراوانی کوردانی ئێزیدی رایدەگەیەنێت، دوای کردنەوەی نوسینگەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کوردانی ئێزیدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە تا ئێستا توانراوە لەکۆی چوار هەزار کەس کە داعش بە دیلی گرتوون، دوو هەزار و 900 کەسیان ئازادبکرێن.
حوسێن قایدی، بەرپرسی نوسینگەی رفێندراوانی داعش بە دواڕۆژی راگەیاند "لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە 17ی تشرینی یەکەمی 2016 تا ئەمڕۆ زیاتر لە 100 کەس بە ڕێگای جۆراوجۆر لەلایەن نوسینگەکەمانەوە رزگارکراون، بەڵام هیچیان لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەوە رزگارنەکراون".
وتیشی" رۆژانە بە چەندین رێگای جیاواز هاوڵاتیانی کوردی ئێزدی لە دەستی چەکدارانی داعش رزگاردەکەین، بە جۆرێک بە هەوڵی ئێمە بەشێکیان رزگارکراون و هەندێکی تریشیان خۆیان رایانکردووە لە دەستی داعش و بەرەو میحوەرەکانی پێشمەرگە".
ئه و بەرپرسەی نوسینگەی رفێندراوان، ئاماژەی بەوەشدا، زۆربەی ئازادکراوەکان ئێستا لە ناو خێزانەکانیاندان و بەردەوامی بە ژیانی خۆیان دەدەن، بەڵام ئەوانەی رزگارکراون کچ و ژن و منداڵن و داعش پیاوەکانی کوشتوون.
نوسینگەی رفێنراوانی کوردانی ئێزیدی بارەگاکەی لە شاری دهۆکە و ساڵی 2015 کرایەوە بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی کوردی ئێزدی رفێندراو لەلایەن داعشەوە.
- 03-12-2016