گەورەترین کێڵگەی مین لەهەرێمی کوردستان پاککرایەوە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، مستەفا شێخ محەمەد
کێڵگەی مینی مێوبان کە بە گەورەترین کێڵگەی مین دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان بە روبەری (653.000) مەتردووجار لە دەڤەری باڵەکایەتی پاکرایەوە.
زێبار خالید وتەبێژی دەزگای گشتی کاروباری مین بە دواڕۆژی راگەیاند رۆژی 22-11-2016 لە مەراسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای مین گەورەترین کێڵگەی مین لەدەڤەری باڵەکایەتی دوای تەواوکردنی کارەکانی لە لایەن رێکخراوێکی ئەمریکی رادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە.
وتەبێژی دەزگای گشتی کاروباری مین، رونیشکردەوە کێڵگەی مینی (مێوبان) لەگوندی ناوەندەی سەربە قەزای چۆمانه و روبەرەکەی (653.000) مەتر دووجایە کە لەساڵی 2012 بری (3.985.666.800) دیناری لەسەر بوجەی پارێزگای هەولێر بۆ تەرخانکرا و رێکخراوی (EODT) ئەمریکی لە ماوەی نێوان (25-06-2013) تاکو (21-08-2016) کاری پاکسازیکردنی بۆ ئەنجامداوە.
ناوبراو، ئاشکراشیکرد لە کێڵگە مینەکەدا بە گشتی رووبەری (653.000) مەتر دووجا پاکراوەتەوە و (1021) مین لەناوبراوە لەگەڵ (225) پارچە تەقەمەنی نەتەقیوی جۆراوجۆر، بەمەش هاوڵاتیانی ئەم ناوچە لە مەترسی مین رزگاریان بوو.
- 23-11-2016